دیماریا لە جەهەننەمی یوڤێنتوس هەڵدێت


رووداو دیجیتاڵ

ئانخیل دیماریا، ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، گومانی زۆری لەسەر مانەوەی خۆی لە یانە ئیتاڵییەکە دروستکردووە. ئەو یاریزانە بووەتە بابەتی گەرمی میدیای ئیتاڵیا، پاشئەوەی میدیاکان گوتیان ئەو خۆی دزیوەتەوە لە یاریکردن بەرامبەر یانەی بۆڵۆنیا لە خولی ئیتاڵیا.
 
لە گەڕی 32ی سێری ئادا، یوڤێنتوس رووبەڕووی بۆڵۆنیا بووەوە، لە کاتی مەشقەکاندا و بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، دیماریا لە لیستی یاریزانانی یانەکە بۆ یارییەکە کشایەوە.
 
کاتێک میدیای ئیتاڵیا باسیان لە رووداوەکە کرد، ماسیملیانۆ ئالێگری، راهێنەری یوڤێنتوس رایگەیاند خۆدزینەوە و یارینەکردن لە ئارادا نییە. ئەو گوتی دیماریا هەستی بە ئازار کردووە، بۆیە یاریی نەکردووە.
 
یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو یانە بەگۆڵێک کۆتایی هات.. یوڤێنتوس ئاستێکی خراپی پێشاندا و رکابەرەکانی لە بەدەستهێنانی کورسییەکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، زیاتر لێی نزیکبوونەوە.
 
میدیای ئیتاڵیا گوتوویانە، کاتێک دیماریا زانیویەتی لە پێکهاتەی سەرەکیی یارییەکەدا نابێت، وای باسکردووە کە پێکانی هەیە و هەست بە ئازار دەکات، تاوەکو بەیەکجاری لە لیستی یانەکە دووربخرێتەوە.
 
ئەوەی گومانی لەبارەی دیماریاوە دروستکردووە و میدیاکان پێیانوایە ئەو راستی نەکردووە لەوەی کە پێکانی هەبێت، قسەکانی ئالێگری راهێنەری یانەکەیە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکە کە رایگەیاندبوو سەرجەم یاریزانەکانی ئامادەن جگە لە کیێزا و پۆگبا کە پێکانیان هەیە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دیماریا لە یوڤێنتوس هەست بەنیگەرانیی دەکات، ئەوەی دەستنەکەوتووە کە چاوەڕێی دەکرد، بە چەندین ئەزموونی ناخۆش و تاڵدا، لەسەر ئاستی کەسیی و وەرزشیش گوزەری کردووە، لە کاتێکدا هێشتا وەرزێکی لە یاریکردن بۆ یانەکە تەواو نەکردووە.
 
ئەوەی دیماریای لەسەر ئاستی وەرزشی نیگەرانکردووە، بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە یوڤێنتوس ئەمساڵ ئاست و ئەنجامەکانی باشنەبوون، لە چەندین یاریدا دووچاری شکست و دۆڕان بوو.
 
لەگەڵ داڕووخانی یوڤێنتوسدا، ئاستی دیماریاش پاشەکشەی کرد و ئەو هێرشبەرە ئەرجەنتینییە لە دوایین حەوت یاریی یانەکەدا، نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک تۆمار بکات، لە کاتێکدا پێشتر بەشداریی لە 15 گۆڵی یانەکەیدا هەبوو، 8 گۆڵ و حەوت ئەسیست.
 
لە دەرەوەی یاریگەش، دیماریا یەکێکبوو لەو یاریزانانەی کەوتە ژێر کاریگەریی بابەتی سزادانی یوڤێنتوس و لێشکاندنی 15 خاڵ لە خاڵەکانی ئەم وەرزەی، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە فێڵی کارگێریی، بەرلەوەی دادگای ئیتاڵیا 15 خاڵەکە بۆ یوڤێنتوس بگێڕێتەوە.
 
گەرچی یوڤێ خاڵەکانی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، بەڵام هێشتا ئەگەری ئەوە لە ئارادا هەیە لە کۆتاییدا هەندێک خاڵی لێ بشکێنرێت و بەوەش بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، لە ژێر هەڕەشەدایە.
 
ئەوەی زیاتر گوشار لەسەر یوڤێنتوس دروستدەکات لەبابەتی گەیشتنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، ئەوەیە کە یانەکە لەگەڵ چوار یانەی دیکەدا لە رکابەرییدایە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی وەرزی داهاتووی ئەو پاڵەوانێتییە، یوڤێنتوس 60خاڵی هەیە، ئینتەرمیلان 57 خال، میلان 57 خاڵ، رۆما 57 خاڵ و ئاتڵانتا 55 خاڵ.
 
تاوەکو ئێستا دیاری نییە چارەنووسی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ یانەکەیدا بەکوێ دەگات. یانەی یوڤێنتوس هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی بابەتی رۆژنامەکانەوە نەداوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە ئالێگری گوتوویەتی، دیماریا پێکانی هەبووە.
 
پێشتر هەندێک سەرچاوە گوتبوویان، دیماریا تەنیا یەک وەرز لەگەڵ یوڤێنتوس دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە ئەرجەنتین.