سەرۆکی فیفا هەڕەشە دەکات

02-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیانی ئینفانتینۆ تۆپی پێی خانمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرۆکی فیفا، وێڕای ئەوەی ئاشکرای دەکات کە ئەوان وەک فیفا هەنگاویان ناوە بۆ یەکسانکردنەوەی مووچە و بڕی خەڵاتی پاڵەوانێتییەکانی خانمان لەگەڵ پیاوان، هەڕەشەش لە کەناڵە گەورەکان دەکات و دەڵێت "ئەگەر ئێوە یارمەتیمان نەدەن، ئێمەش مافی پەخشی یارییەکانتان بە هەرزانی پێنافرۆشین".
 
ماوەیەکە رەخنە لە فیفا دەگیرێت، گوایە جیاوازی لە نێوان تۆپی پێی پیاوان و خانماندا دەکات و کرێ و مووچەی یاریزانانی خانمان کەمترە لە مووچەی پیاوان.
 
جیانی ئینفانتینۆ، لە کۆنگرەیکی هاوبەشدا لەگەڵ رێکخراوی بازرگانی جیهانیدا، بە روونی باسی ئەم پرسیە کرد و گوتی " ئێمە لە فیفا هەنگاوی یەکەممان ناوە بۆ زیادکردنی بڕی خەڵاتەکانی پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی خانمان بەشێوەیەکی بەرچاو، ئامانجیشمان ئەوەیە تاوەکو مۆندیالی داهاتووی خانمان مووچەکان یەکسان بکەین". 
 
ئەو زیاتر گوتی "لەگەڵ ئەوەشدا کەناڵە گەورەکانی پەخش، بەتایبەتی کەناڵە نێودەوڵەتییەکان کە بە پارەی باجدەران پاڵپشتی دەکرێن، دەبێت قسە و کاریان یەکبێت. چونکە بەڕاستی زۆر رەخنەیان لە رێکخراوەکانی تۆپی پێ یان رێکخراوە وەرزشییەکانی دیکە گرتووە و دەڵێن هەمان مووچەی پیاوان بە خانمان نادەن یان پارەی خەڵاتەکان یەکسان نین".
 
سەرۆکی فیفا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لەو کەناڵانە کرد و گوتی "ئەگەرنا مافی پەخشکردنی یارییەکان بە هەرزانی پێیان نافرۆشین، هاندەرانی ئەوروپاش ناتوانن سەیری یارییەکانی مۆندیالی ئافرەتان بکەن و ئەمەش جێگەی داخە، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی مۆندیالەکەی ئەم دواییەی فەرەنسا و سەرکەوتنی یۆرۆی خانمان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە