ئەڵتراسی سانجێرمان بۆ خلێفی: بارکە بڕۆ.. دەستلەکاربکێشەوە


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ئەڵتراسی پاریس سانجێرمان، لە بەرامبەر کارگێڕیی یانەکەیاندا راپەڕین و هێرشیان کردە سەر یاریزانانی یانەکە و راهێنەرەکەی، بەهۆی پاشەکشەی تیپەکە و دابەزینی ئاست و خراپبوونی ئەنجامەکان.
 
دەستەی هاندەرانی ئەڵتراسی سانجێرمان، خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان لەبەردەم بارەگا و یاریگەی مەشقەکانی یانە پاریسییەکە ئەنجامدا و چەندین دروشمیان بەرزکردەوە کە هۆشداری دەداتە یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی یانەکە.
 
هاندەرە تووڕەکانی سانجێرمان، پەیامی تووندیان بۆ یاریزانانی یانەکە نارد لە رێگەی ئەو دروشمانەوە کە بەرزیان کردەوە، لە هەندێکیاندا هاتووە، "بەئاگاوەرن، هەڵسنەوە، ئاگاتان لێبێت، شەپۆلی توڕەیی هاندەران بەڕێوەیە".
 
هاندەرەکان هەروەها نووسیوویانە، "لێرە بەدواوە کەس رێزی ئێوە ناگرێت.. ئیتر ئێمە بۆچی رێزتان بگرین". هەروەها نووسیوویانە، "ئێوە نوێنەرایەتی شارەکەمان ناکەن بەهیچ شێوەیەک، ئەو پی ئیس جییەی ئێمە دەمانناسی کوا؟".
 
دروشمە سەرنجڕاکێشەکە کە میدیای فەرەنسا دەڵێن ئاراستەی ناسڕ خلێفی، خاوەن و سەرۆکی یانەکە کراوە، تێیدا نووسراوە "بڕۆن باربکەن.. دەستلەکاربکێشنەوە".
 
ناسڕ خلێفی قەتەری، لە ساڵی 2011ەوە سەرۆکایەتی یانەی پاریس سانجێرمان دەکات و پێشەوایەتی ئەو یانەیەی کردووە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەرچاو لەسەر ئاستی نێوخۆی فەرەنسا و کۆنترۆڵکردنی نازناوە نێوخۆییەکان. بەڵام خەونی گەورەی هاندەرانی پاریس و کارگێڕیی یانەکەش، بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگە و ئەو یانەیە گەرچی چەندین ئەستێرەی گەورەی لە ریزەکانیدا هەیە، بەڵام ئەو خەونەی پێنەکراوەتە راستی.
 
ئەنجامەکانی سانجێرمان لە ساڵی 2023دا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوون، یانەکە لە دوا یاریی خۆیدا لە خولی فەرەنسا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە لۆریان دۆڕا و ئەوەش ئومێدی یانەکانی دیکەی بۆ بردنەوەی نازناوەکە زیندووکردەوە.
 
سانجێرمان بە کۆکردنەوەی 75 خاڵ پێشەنگی لیگ ئای فەرەنسای گرتووە، لە دوای ئەو یانەی مارسیلیا دێت کە 70 خاڵی هەیە و لانسیش لە پلەی سێیەمە بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ، بەرلەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر توڵۆز یاریی بکات.