هیچ هێرشبەرێک بۆ جێگرتنەوەی بنزیما دێنن؟ ئەنچیلۆتی وەڵامدەداتەوە

02-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دان بەوەدا دەنێت کە یانەی بارسێلۆنا شایەنی بردنەوەی نازناوی لالیگایە. دەشڵێت "دەمانەوێت یاریزانێک بێنین بۆ جێگرتنەوەی کەریم بنزیما".
 
ئەمشەو کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 33ـی لالیگادا دەبێتە میونای یانەی ریال سۆسیداد. ئەگەر یارییەکە نەباتەوە بە ئەگەری زۆرەوە هیچ رکابەرییەک نامێنێت و بارسێلۆنای پێشەنگ زۆر نزیک دەبێتەوە لە نازناوەکە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دانی بەوەدا نا کە بارسا شایەنی بردنەوەی نازناوی لالیگایە و گوتی "هەمیشە بیر لە خاڵە بەهێزەکانی رکابەرەکانمان دەکەمەوە، بارسێلۆنا بەردەوامە لە بردنەوەکان، لە زۆر یارییدا جەنگاون، ئەگەر لالیگا ببەنەوە، ئەوە مانای وایە شایەنی ئەوەیە".
 
ئەنچیلۆتی سەبارەت بە یارییەکەیان بەرامبەر ریال سۆسیداد، گوتی "یارییەکەی ئەمجارەمان قورس دەبێت، چونکە ئێمە بەرامبەر تیپێکی زۆر باش یاری دەکەین، هەروەها بەهۆی پێکان یان سڕکردنی یاریزانانەوە ئامادەنەبووی زۆرمان هەیە، بۆیە یارییەکە قورس دەبێت، لە کاتێکدا کە هیچ مانایەکی نییە. بەڵام ئەوە ئەوەیە کە دەبێت بیکەین".
 
ئینجا لەبارەی ئەوە پرسیاریان لێکرد، کە بەنیازن هێرشبەرێک بێنن بۆ جێگرتنەوەی کەریم بنزیمای کاپتنی یانەکەیان؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ، دەمانەوێت یاریزانێک وەک جێگرەوەی بنزیما بێنین، پێموایە ئەوە بەشێکە لە پڕۆژەی داهاتووی یانەکە، چونکە کەریم لە ئێستاوە لە تەمەنێکی دیاریکراودایە، بەڵام تا کەریم ئاستی ئێستای خۆی بپارێزێت بیری لێناکەینەوە".
 
کارلیتۆ زیاتر لەبارەی هێرشبەرەکانییەوە گوتی "هەروەها هێڵی پێشەوە بەڕاستی ئاستێکی باشی هەیە، ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش. بەڵێ ئاستی کەریم هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینبیوە، بەڵام رۆدریگۆ پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، ڤینیسیۆسیش، هەروەها مارکۆ ئاسینسیۆ زۆر باشە. بۆیە لە دوو ساڵی رابردوودا هەرگیز کێشەمان لە پێشەوە نەبووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە