مارسێلۆ وەڵامی دەنگۆی پەیوەندیکردن بە یوڤێنتوس دەداتەوە

رووداو - هەولێر

مارسێلۆی بەرازیلی و یاریزانی یانەی ریال مەدرید، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید و ئەگەری پەیوەندیکردن بە یانەی یوڤێنتوس دەکەن.

لە ماوەی رابردوودا و دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ، ناوی یاریزانە بەرازیلییەکە بە خانمە پیرەکەوە بەستراوەتەوە، بەتایبەت کە پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ رۆناڵدۆ هەیە و گرێبەستەکەشی لە هاوینی 2022 کۆتاییدێت.

مارسێلۆ لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت، نامەوێت لە یانەکەم بڕۆم، لەو بڕوایەشدا نیم ریال مەدرید بمفرۆشێت، لەو کاتەوەی پەیوەندیم بە یانەکەوە کردووە ئاستێکی بەرزم پێشکێشکردووە، زۆر دەمێکە لێرەم و ئەم چیرۆکە بەئاسانی باس ناکرێت.



یاریزانە بەرازیلییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، زۆرباشە کە یانەی دیکە هەبن گرنگیم پێبدەن، بەڵام هیچ شتێک لەبارەی گرنگیپێدانی یانەی یوڤێنتوس نازانم.

بەرگریکارەکەی ریال مەدرید زیاتر گوتی، دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک لەگەڵ رۆناڵدۆ پێکەوەبووین و بۆ یەک تیپ یارییماندەکرد، گوتم کە ناتوانم بەبێ رۆناڵدۆ بژیم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵک زۆر شت بڵێن.

مارسێلۆ لە 2007ـەوە لە یانەی ریال مەدرید یارییدەکات و یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی یانەکەیە، بەڵام لەم وەرزەدا بەهۆی فێرلان مێندییەوە شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەما، بۆیەش پێشبینی رۆیشتنی ئەو یاریزانە دەکرێت.