رووداو هەولێر
لە گەڕی بیست و شەشی خولی ئەستێرەکانی عێراق، چوار یانە کوردستانییەکە تاقیکردنەوەی قورس و یاریی ئاگرینیان هەیە، یارییەکانیشیان چارەنووسسازن.
ئەمڕۆ چوارشەممە یانەی نەورۆز، کە لە چوار یاریی رابردوویدا لە خولەکە نەیبردووەتەوە لەنێو یاریگەی خۆیدا لە شاری سلێمانی کاژێر 21:00 میوانداریی یانەی مینا دەکات، نەورۆز دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و تیپەکەی بەسرە لە زەوی بدات.
نەوا لەتیف، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "بەشێوەیەکی گشتی ئەو چوار شکستەی رابردوومان کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی تیپەکەمان هەبوو، بەڵام بۆ یارییەکەمان بەرامبەر مینا تیپەکەمان لەڕووی دەروونییەوە ئامادەیە و لەڕووی پێکهاتەوەش یاریزانانمان ئامادەن و کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ناسراو بە مارادۆنا لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و دەتوانێت یاری بکات".
یانەی نەورۆز 30 خاڵی هەیە لە پلەی پازدەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی مینا 28 خاڵی هەیە و لە پلەی شازدەی ریزبەندییە.
هەرچی یانەی هەولێرە ئەویش ئاستێکی خراپی لە سێ یاریی رابردوویدا نیشانداوە، کە کوڕانی سەمیر بابۆ لەم گەڕەدا لەنێو یاریگە و هاندەرانیان سبەی پێنجشەممە کاژێر 16:30 یاریی لەگەڵ یانەی قاسم دەکەن، ئەرکی درێس زەردەکان قورسە لەبەرئەوەی رکابەرەکەیان وەرزی ئەمساڵ رکابەری لەسەر گەیشتن بە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیی دەکەن و سێ یاریی رابردووی بردووەتەوە و بەکۆکردنەوەی 38 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندییە، هەرچی هەولێرە 32 خاڵی هەیە لە پلەی سیانزدەمە.
یانەی دهۆک پێچەوانەی دەستپێکی خولەکە، لە قۆناخی دووەمدا بووەتە جێگای دڵخوازیی هاندەرانی و بە زنجیرە سەرکەوتنەکانی سەرنجی هەموو شەقامی وەرزشیی عێراقی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئالهوێن چیای دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا یاری دێربیی بادینانی لە زاخۆ بردەوە، ئەمجارە شەڕی یانەی زەورا دەکات و دەیەوێت بەردەوام بێت لە بەزاندنی تیپە بەهێزەکان.
یانەی زەورا ئێستا بەکۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی دهۆک 37 خاڵی هەیە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە.
شڤان محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک، لەبارەی ئامادەییان بۆ یارییەکەی زەورا بۆ رووداو، گوتی "تیپەکەمان لەنێو کەش و هەوایەکی زۆر ئارام و مۆڕاڵێکی بەرزدایە لە شاری بەغدایە، تەواوی یاریزانانمان ئامادەن و دەمانەوێت سێ خاڵی دیکە بکەینە دیاری و پێشکەشی هاندەرانمان بکەین".
رۆژی هەینی یاریی لوتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەنێوان یانەی زاخۆ و یانەی شورتە بەڕێوەدەچێت، یارییەکە چاوی هەموو شەقامی وەرزشیی عێراقی دەکەوێتە سەر، سوور پۆشانی خابوور دوای ئەوەی یاریی رابردوویان بە دۆڕان و خەمێکی گەورە لە دێربی بادینان تەواوبوو، تەڵاڵ بلووشی راهێنەر و کوڕەکانی ئەرکیان ئاسان نابێت بەرامبەر تیپێک کە تەنیا یارییەکی دۆڕاندووە لەم وەرزەدا.
یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بباتەوە، تیپەکە 49 خالی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، یانەی شورتە پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولەکە 50 خاڵی هەیە لە پلەی دووەمی ریزبەندییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ