'جێخەوەکەی' کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ فرۆشتنە


رووداو دیجیتاڵ

عاشقبوون بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ویستی بەدەستهێنانی هەر شتێک کە پەیوەندی بەو ئەستێرەیەوە هەبێت، گەیشتووەتە رادەیەکی باوەڕپێنەکراو. لە سلۆڤینیا دوا سەردانی ئەو یاریزانە بۆ ئەو وڵاتە، بووەتە مایەی وروژاندنی هاندەران لەو وڵاتە.
 
هوتێلێکی سلۆڤینیا کە بەشێکە لە زنجیرەی هوتێلەکانی لیوبلیانای پایتەختی ئەو وڵاتە، بڕیاریداوە لە زیادکردنێکی ئاشکرای خێرخوازیدا، ئەو جێخەوەی بفرۆشێتەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین سەردانیدا بۆ ئەو وڵاتە، لەسەری خەوتووە.
 
ماڵپەری (24ur) ئاشکرایکردووە، سەردانی رۆناڵدۆ بۆ پایتەختی سلۆڤینیا، بووەتە سەرچاوە بۆ وروژانی خەڵک و هاندەران لە شارەکەدا و عاشقبوونی زیاتر بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 
ژمارەیەکی زۆری هاندەران لە کاتی بوونی دۆندا لە پایتەختی وڵاتەکەیان، هەوڵیاندا لەو یاریزانە نزیکببنەوە و واژۆی ئەو بەدەست بهێنن، یان وێنەی لەگەڵدا بگرن، بەڵام بەشی زۆرینەیان ئەو ئاواتەیان نەهاتەدی.
 
ماڵپەرەکە دەڵێ، "رۆناڵدۆ رازینەبووە لە هاندەران نزیکببێتەوە، چونکە ئەو نەیدەتوانی دڵی ئەو ژمارە زۆرەی هەوادارەکانی رازی بکات کە بۆ لەنزیکەوە بینینی ئەو هاتبوون".
 
یارییەکەی سلۆڤینیا و پۆرتوگال دۆستانەبوو و بەسەرکەوتنی خاوەن یاریگە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
 
هوتێلەکە، کەناوی گران پلازا هوتێلە و شاندی یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی لێماونەتەوە، بڕیاریداوە ئەو جێخەوەی شەوی مانەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەسەری ماوەتەوە لەزیادکردنێکی ئاشکرادا، بۆ کاری خێرخوازی بفرۆشێت و نرخی سەرەتایی بە پێنج هەزار یۆرۆ داناوە.
 
هوتێلەکە دووپاتیکردووەتەوە، لە کۆتایی ئەم مانگەدا، زیادکردنەکە ئەنجامدەدرێت و پێشبینی پێشوازییەکی گەورەی خەڵک و سەرمایەداران لە پڕۆژەکە دەکرێت.