ئەمشەوی پرێمەرلیگ.. هەوڵدان بۆ خۆرزگارکردن و بەدەستهێنانی کورسیی چامپیۆنزلیگ


رووداو دیجیتاڵ

نیوکاسڵ یونایتد، پشتئەستوور بەو ریمۆنتادا مەزنەی بەسەر وێستهامدا کردی چاوی لە قووڵکردنەوەی برینەکانی ئیڤێرتۆنی سزادراوە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێن، تاوەکو هەنگاوێکی دیکە لە مسۆگەرکردنی بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپیی وەرزی داهاتوو، نزیک ببێتەوە.
 
نیوکاسڵ لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ئیڤێرتۆن دەکات، یانەیەک کە گیرۆدەی دەستی ئەنجامی خراپ و ناڕوونییە لە چارەنووسی خۆیدا و لە وەرزێکی پڕ لە کێشەدا تاکە ئامانجی مانەوەیە لە پرێمەرلیگ. لە کاتێکدا یانەی خانەخوێ بۆی گرنگە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە، بیگەیەنێتە پلەی حەوتەمی ریزبەندییەکە.
 
ئەگەرچی ئەمساڵ لە نیوکاسڵ هیچ هەنگاوێک نەبەدڵی هاندەرانی یانەکە بوو، نە مایەی دڵخۆشیی و رازی بوونیان بوو، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییەکانی وەرزەکەدا، ئێدی هاوی راهێنەری ئەو یانەیە، پێویستی بە دەستکەوتێک لە کۆتایی وەرزەکەدا هەیە، تاوەکو کەمێک دڵی هاندەرەکانی خۆش بکات و کارگێڕیی یانەکەش ناچار بکات، ئەگەر بڕیاری دوورخستنەوەی ئەویاندابێت لە هاویندا، کەمێک هەڵوەستە لەسەر بڕیارەکەی خۆیان بکەن.
 
ئەم یارییە کاژێر 21:30 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. 
 
نۆتێنگهام فۆرێست کە سزادراوێکی دیکەی یاساکانی یاریی خاوێنە، لە شەڕی هەوڵدان بۆ مانەوە لە پرێمەرلیگ بەردەوام دەبێت. لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی فولهام دەکات کە چەند هەفتەیەکی سەقامگیر و ئارامی هەبووە و ئەنجامەکانی جێگەی دڵخۆشین، بەڵام ئەو یانەیەش بەبردنەوەی یارییەکە قەڵەمبازی گەورە لە ریزبەندی خولەکەدا دەدات.
 
یارییەکە کاژێر 21:30 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
بۆرنمۆس و کریستاڵ پاڵاس لە کاژێر 21:45 بەکاتی باشووری کوردستان، لەپێناو هەڵهاتنی زیاتر لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین لە یاریگەی ڤیتالیتی رووبەڕووی یەکدەبنەوە. لە کاتێکدا بیرنلی کە لەسەرەتای وەرزەوە ئاست و ئەنجامەکانی زۆر خراپن و لە ناوچەی مەترسیداری دابەزیندایە، میوانداریی ولڤێرهامتن دەکات و بێرنلی کە پێدەچێ لە دوا ساتەکاندا هەوڵی رزگارکردنی کەشتییە نزیک لە نوقمبوونەکەی بدات، خۆی لەپێناو بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەی رزگارکەردا ئامادەکردووە، ئەگەرچی ئەو ئەرکە بەرامبەر میوانەکەی ئەمشەوی ئاسان نابێت.
 
دوا یاریی ئەمشەوی هەفتەی سی و یەکی پرێمەرلیگ، یارییەکی گرنگ و سەرنجڕاکێش و پڕ لە رکابەریی دەبێت و وێستهام لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی تۆتێنهام دەبێتەوە.
 
وێستهام کە دەتوانێت خەون بەبەدەستهێنانی کورسییەکی ئەوروپای وەرزی داهاتووەوە ببینێت و ئەو کورسییەشی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی خۆی، لە پاش دوو یەکسانبوون و شکستێک لە سێ یاریی رابردوودا، ویستی بەدەستهێنانی سێ خاڵی بەرامبەر تۆتێنهام هەیە و ئەوە پاڵنەرە بۆی کە لە 2019ەوە لە یاریگەی خۆیدا بە تۆتێنهام نەدۆڕاوە.
 
لە کاتێکدا تیپەکەی پۆستیکۆگلۆ کە دەخوازێت لە شوێنی ئاستۆن ڤێلای چوارەمی ئێستای ریزبەندی خولەکە بێت و بگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، پاش رزگارکردنی لەلایەن سۆنی هێرشبەرەوە لە یاریی رابردوو بەرامبەر لۆتن تاون، نایەوێت بکەوێتەوە نێو گێژاوی لەدەستدانی خاڵی زیاتر، لە کاتێکدا خولەکە لە چارەنووسسازترین هەفتەکانی کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، تێدەپەڕێت.
 
یارییەکە کاژێر 22:15 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.