پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیا.. ئالێگری دەیەوێت وەرزی خۆی رزگاربکات

02-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یوڤێنتوس لازیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

شتی هەرە باشی یوڤێنتوس ئەوەیە کاتێک هەستدەکەی ئەم تیپە کەوتووەتە خوارەوە، ئەوان دەتوانن هەستنەوە و بیسەلمێنن کە بۆچوونەکەت هەڵەیە.
 
یوڤێ بەدرێژایی مێژووی خۆی زەحمەتە پێشتر لە ماوەیەکی وەک ئێستا خراپدا تێپەربووبێت، کە لە دوایین 10 یارییدا تەنیا دووانی بردووەتەوە، چوار یەکسانبوون و چوار دۆڕانی هەیە، چی لەو خراپترە گەورەیەکی وەک یوڤێنتوس لە کۆی 30 خاڵ تەنیا 10 خاڵ بەدەستبهێنێت.
 
لەوە باشتر ئەوەیە کە یوڤێ سەرەڕای ئەم خراپییە، هێشتا نازناوێکی ماوە لەپێناویدا تێبکۆشێت و وەرزەکەی رزگاربکات، بەتایبەتی کە گەیشتووەتە دواهەنگاوەکانی و ئەمشەو لە یاریی جوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیادا میوانداریی لازیۆ دەکات.
 
لە خۆشبەختی ئالێگری و یاریزانەکانی، رکابەرەکەیان لازیۆیە، کە سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یارییدا لە سێریا ئەی پێیان دۆڕاون، بەڵام تیپەکەی پایتەختیش دۆخی لە یوڤێ باشتر نییە و ئەویش لە دوایین 10 یاریی سێریا ئەیدا، تەنای چواری بردووەتەوە و پێنج جار دۆراوە و یەکێکیش بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، واتا لە کۆی سی خاڵ تەنیا 13 خاڵیان بەدەستهێناوە.
 
سەرەڕای ئەوەش ئەگەر ئالێگری بیەوێت گۆڕانکارییەک دروست بکات، پێویستە داوای زۆر زیاتر لە یاریزانەکانی بکات، لەپێناو بردنەوە لە تیپێکی خراپ، بەڵام باشتر لە خۆی. ئەو ئەگەر بیەوێت هەندێک لە دۆخی خراپی خۆی و یانەکەی کەم بکاتەوە، دەبێت ئەمشەو لە لازیۆ بباتەوە.
 
ئیگۆر تيۆدۆری راهێنەری نوێی لازیۆ، کە پێشتر راهێنەری مارسیلیای فەرەنسی بووە، لەم یارییەدا پاڵنەرێکی زیاتری هەیە بۆ دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنی بەسەر یوڤێنتوسدا، بۆ ئەوەی دووبارە بسەلمێنێتەوە کە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا کارێکی باشی لە رۆما کردووە و ئیدی دەتوانێت خەون بەوە ببینێت کە لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانێت نازناوێک بۆ تیپێک بباتەوە کە زۆر لەمێژە تامی هیچ نازناوێکی نەکردووە.
 
لە بەرامبەردا یوڤێنتوس گوشارێکی زیاتری لەسەرە، چونکە دۆڕاندن لەنێو یاریگەی خۆیدا لە تۆرینۆ پێش ئەوەی بۆ یاریی گەڕانەوە گەشتی پایتەخت بکات، دەبێتە گورزێکی نزیکەی کوشندە لە ئالێگری، کە هاندەران زۆر لێی تووڕەن، نەک تەنیا بەهۆی ئەنجامەکانەوە، بەڵام بەهۆی شێوازی یاریکردنی کلاسیکیانەی لە زۆربەی یارییەکاندا.
 
بێگومان تاکە هیوای ماسیملیانۆ جامی ئیتاڵیایە، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەم هیوایەشی لەدەستدا واتا سێ ساڵ بەبێ نازناو لەگەڵ یوڤێنتوس بەڕێدەکات، کە ئەم شەرمەزارییە هەرگیز شایەن نییە بە نێوبانگ و مێژووی خانمە پیرەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە