پەیوەندی ئینریکێ - ئێمباپێ، لەنێوان بێڕێزی و تەقینەوەدا

02-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاریس سانجیرمان لویس ئینریکێ کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پاریس سانجێرمان، کە کارگێڕییەکەی و هاندەرەکانی هێشتا نەیانتوانیوە بڕیاری رۆیشتنی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە، کیلیان ئێمباپێ هەرس بکەن، هەموو هەفتەیەک سیناریۆی دانیشاندن و ناڕەزایەتی دووبارە دەبێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەم دۆخە تاوەکو کوێ درێژ دەبێتەوە و لە کۆتاییدا، بەچیدەگات؟
 
دوای یەکلابوونەوەی هەڵوێستی کیلیان ئێمباپێ، لەبارەی داهاتووی خۆیەوە و راگەیاندنی بڕیاری رۆیشتن لە یانەکە لە کۆتایی وەرزدا، کەشێکی نادڵنیایی و نیگەرانی باڵی بەسەر پاریس سانجێرماندا کێشاوە.
 
کەشەکە چەندە پەیوەندی بە رۆیشتنی ئێمباپێ وەک یاریزانێکی گەورە و ئەستێرە هەیە، لە پاریس سانجێرمان، ئەوەندەش پەیوەندی بە لەدەستدانی یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئێستای جیهان هەیە لە یانەیەک کە ئێستا و داهاتووی خۆی لەسەر بوونی ئەو یاریزانە بونیادناوە و بڕیاری چوونە دەرەوەی لە یانەکە، تاوەکو ئێستا وەک شۆکێک ماوەتەوە، ئەگەرچی پێشبینیکراوبوو، رۆژێک لە رۆژان کیلیان بڕیاری چوونە دەرەوە لە یانەکەی بدات.
 
لە دوای یەکلابوونەوەی چارەنووسی کیلیانەوە، لویس ئینریکێی راهێنەری یانەکە، ئەگەرچی بەفەرمی دانی بەڕۆیشتنی ئێمباپێدا نەناوە، بەڵام بەهەڵسوکەوت ئەوە دووپاتدەکاتەوە. ئەو راهێنەرە لە بەشی زۆری ئەو یارییانەی یانەکەیدا کە لەدوای بڕیاری رۆیشتنەکەی کیلیانەوە ئەنجامیداون، یان ئەو یاریزانەی وەک یەدەگ یاریی پێکردووە، یان لەسەرەتاکانی گێمی دووەمی یارییەکاندا، گۆڕانکاریی پێکردووە و داینیشاندووە، ئەمە کەشێکی نادۆستانەی لە نێوان کیلیان و راهێنەرەکەیدا دروستکردووە.
 
بڕیارەکانی ئینریکێ، وەک راهێنەری تیپەکە و بڕیاربەدەستی یەکەم، جێگەی مشتومڕنین، بەڵام کاتێک بابەتەکە دێتە سەر باسکردن لە باشترین یاریزانی ئێستای فەرەنسا، هەمووان هەڵوەستە دەکەن و هەندێک پێیانوایە ئەوەی ئینریکێ دەیکات، شەڕفرۆشتنە، ئەگەرچی بەشێک لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانی لویسدا بن.
 
لویس ئینریکێ، هەرزوو رووبەڕووی ئەو پرسیارە بووەوە کە بۆچی باشترین یاریزانی تیپەکەی دەکاتە یەدەگ؟ ئەو بەئاشکرا گوتی، رۆژێک لە رۆژان تیپەکە بێ کیلیان دەبێت، دەبێ لە ئێستاوە خۆمان لەسەر ئەو رۆژە رابهێنین.
 
دووبارەبوونەوەی مامەڵەی ئینریکێ لەگەڵ کیلیان و دووبارەبوونەوەی هەمان پرسیاری رۆژنامەڤانان، ئیرنیکێی والێکرد لە کۆتاییدا بڵێت، ئەوە منم بڕیاربەدەستی یەکەمی تیپەکە و هەر منیشم بەرپرسیارێتی بڕیارەکان لە ئەستۆ دەگرم، بۆیە من بڕیاردەدەم کێ یارییدەکات و کێ یاریی ناکات.
 
دوایین رووداوی دووبارە لەو سیناریۆیەدا کە لەنێوان راهێنەر و ئەستێرەکەی سانجێرماندا روودەدات، جارێکیدیکە دانیشاندنی ئێمباپێ بوو لە کلاسیکۆی فەرەنسا بەرامبەر مارسیلیا، کە وێڕای تێپەڕینی دوو رۆژ بەسەر رووداوەکە، هێشتا سەدای رووداوەکە، رووپەلی رۆژنامەکانی داگیرکردووە.
 
یارییەکە، بەسەرکەوتنی سانجێرمان بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات، بەڵام لە خولەکی 63دا کیلیان دانیشێنرا و گۆنزالۆ رامۆس چووە شوێنی.
 
سەرنجڕاکێش بوو کە ئەمجارە کیلیان، بەئاشکرا نیگەرانیی لە رووخساریدا بەرامبەر بڕیارەکە پێشاندا، بەتایبەت کە وێنەیەکی خۆی لە کاتی چوونە دەرەوە و دانانی نیشانەی کاپتنییەکەی سانجێرمان دانا و بەکورتی لەسەر نووسی "ئەوەم بەدڵبوو"، بەرلەوەی دواتر پۆستەکە ئیدیت بکات و تەنیا وێنەکە بهێڵێتەوە، بەبێ هیچ کۆمێنتێک.
 
میدیای فەرەنسی دەڵێن، نیگەرانیی لە بڕیارەکانی ئیرنیکێ تەنیا لای کیلیان خۆی نین، بەڵکو ئێستا ماڵباتەکەشی پێیانوایە ئەوەی ئەو راهێنەرە دەیکات، بڕێڕێزییە بەرامبەر کیلیان، یاریزانەکەش لە کاتی چوونە دەرەوەدا، ئەو هەستەی پێشانداوە.
 
سەرچاوەکان پێشبینی ناکەن لە داهاتووی نزیکدا، جەنگی ئاشکرا لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا بەرپا ببێت، بەڵام ئەو جەنگە کاتێک بەرپا دەبێت کە پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ دەربکرێت.
 
سانجێرمان دوو یاریی گرنگ لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجامدەدات و زۆر رووداو لە یانە پاریسییەکە، پەیوەستە بەئەنجامی ئەو دوو یارییەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە