پێشمەرگەی سلێمانی سەرکەوتنەکانی بەردەوامە
رووداو هەولێر
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، دوای بردنەوەی لە یانەی هەولێر درێژەی بە ئەنجامە باشەکانی دا لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی عێراق.
یارییەکانی قۆناخی یەکەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، لەنێو هۆڵی زۆبێر لە شاری بەسرە بە بەشداری 4 یانە بەڕێوەدەچن، یانەی هەولێر و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوای ئەوەی هەریەکەیان یەکەم سەرکەوتنیان نوسیووە لە یارییەکی پڕ لە رکابەری رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، پێشمەرگەکانی سلێمانی یارییەکەیان بەبردنەوەی خۆیان بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم تەواوکرد.
لە یارییەکی دیکەدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، یانەی غازی جنووب پاڵەوانی چوار وەرزی رابردووی خولەکە جارێکی دیکە تووشی دۆڕان هات، دوای ئەوەی بە یانەی شورتە بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دووگێم دۆڕا.
عەباس هیندی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "رکابەرییەکان بەهێزن و ئەنجامی نوێ دەبینین و ئاستی یانەکان لە یەکدی نزیکن، پێموایە وەرزی ئەمساڵ زۆر ئەستەمە چاوەڕوانی بۆ تیپێک دابنێنین لەسەر بردنەوەی نازناوەکە".
ئەمڕۆ یەکشەممە لە یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
هەولێر - شورتە کاژێر 21:00ی شەو
پێشمەرگەی سلێمانی - غازی جنووب کاژێر 23:00ی شەو
یارییەکانی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، بە چوار قۆناخ تەواودەبن، ئەمڕۆ یەکشەممە یارییەکانی لە شاری بەسرە کۆتاییان دێت و هەفتەی داهاتوو شاری سلێمانی میوانداری یارییەکان دەکات.