یەکەم لێدانی توخێل دوای دەستبەکاربوونی و بردنەوەی دێر کلاسیکێر

02-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
تۆماس توخێل
تۆماس توخێل
نیشانەکردن تۆماس توخێل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و ئەویش بە بردنەوەی گرنگترین یاری وەڵامی دانەوە.
 
دێر کلاسیکێری ئەڵمانیا، لەنێوان بایرن میونشن و دۆرتموند دوای چەند خولەکێکی کەم لە دەستپێکردنی رووداوێکی چاوەڕواننەکراوی بەخۆیەوە بینی، کاتێک بەهۆی هەڵەیەکی گریگۆر کۆبێلی گۆڵپارێزی دۆرتموند، بایرن میونشن بووە خاوەنی گۆڵی یەکەم.
 
لە خولەکی 18 تۆماس مولەر هاندەرانی یانەکەی دڵخۆشترکرد، کاتێک گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
 
هەمان یاریزان دوای 5 خولەک گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی باڤارییەکانی بەبەرچاوی راهێنەری ئەڵمانیاوە تۆمارکرد.
 
5 خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم کینگسلی کۆمان بۆ جاری چوارەم تۆڕی دۆرتموندی هەژاند، بەڵام یانەی میوان هەر دەستبەرداری یارییەکە نەبوو.
 
لە خولەکی 72 ئێمری جان بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ فێستیڤاڵن کەمکردەوە.
 
لە دوایین خولەکەکاندا دونێل مالین گۆڵی دووەمی دۆرتموندی تۆمارکرد، بایرن میونشن لە یەکەم یارییدا لەژێر سەرپەرشتی تۆماس توخێل یارییەکەی بە 4-2 بردەوە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی لە دۆرتموند وەرگرتەوە.
 
دوای بردنەوەی یارییەکە تۆماس توخێل، راهێنەری نوێی بایرن میونشن لە وەڵامی پرسیارێکدا کە نهێنی بردنەوەی لە یەکەم یارییدا چی بوو؟ بەپێکەنینەوە گوتی "تیپێکی باشم هەڵبژاردووە، ئەنجامێکی تەواو و بردنەوەیەکی بێ کەموکوری بوو بۆ ئێمە، لێدانێکی سزامان لەسەر هەژمارکرا، بەڵام لە کۆتاییدا هەلی زیاترمان دروستکرد، ئەنجامێکی تەواو بوو، بەڵام بوارێکی زپرمان هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا باشتریبکەین."
 
لەبارەی ئەوەی ئەم ئەنجامە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر رکابەریکردنی تیپەکەی بۆ بردنەوەی نازناوی بوندێسلیگا؟ توخێل گوتی "ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێمە لە پێشەنگی خولەکەداین، مانای ئەوەیە گەیشتووینەتە ئەو شوێنەی ئێمە دەمانەوێت، ئێستا رکابەرییەکمان هەیە تاوەکو کۆتایی و دەبێت هەفتەی جارێک یان دووجار ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین، ئەمە ژیانی بایرن میونشنە، بەڵام چارەنووسمان لە دەستی خۆماندایە و ئەمە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە