بایرن میونشن سێ نازناوی دەوێت


رووداو دیجیتاڵ

ئۆلیڤەر کان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئاشکرایکرد تیپەکەی چاوی لە بەدەستهێنانی سێ نازناوی وەرزی ئەمساڵە.
 
کان گوتوویەتی، نازناوەکانی بۆندێسلیگا، پۆکاڵ کەپ و چامپیۆنزلیگمان دەوێت. لێدوانەکانی کان پاش ئەو سەرەتا سەرکەوتووە هات کە یانەکە لەگەڵ تۆماس توخێل، راهێنەری نوێی یانەکە دەستیپێکرد کاتێک یاریی کلاسیکێری لە بۆرووسیا دۆرتمۆند بردەوە بە 4 - 2 گۆڵ.
 
دوای یارییەکە، کان قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، "دوو مانگی دیکەمان لەبەردەمدا ماوە تاوەکو کۆتایی وەرز، دەکرێ لەو دوو مانگەدا هەموو شت ببەینەوە، ئەوە ئەو ئامانجەیە کە خستوومانەتە بەرچاوی خۆمان".
 
دوای سەرکەوتن بەسەر بۆرووسیا دۆرتمۆند، بایرن میونشن پێشەنگی ریزبەندی بۆندێسلیگای بەدەستهێنایەوە و لە رکابەریکردن لەسەر نازناوی جامی ئەڵمانیاش بەردەوامە و سێشەممەی داهاتوو بەرامبەر فرایبۆرگ یاریدەکات، لە چامپیۆنزلیگیش بایرن میونشن لە قۆناخی هەشتدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریدەکات.
 
کان بەلایەوە باشنەبوو جارێکی دیکە باس لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی یولیان نایگلسمان لە مەشقدانی یانەکەی بکاتەوە، گوتی لەبری ئەوە با باسی داهاتوو بکەین.
 
روونیکردەوە، ململانێی گەرموگوڕ لەسەر نازناوی بۆندێسلیگا، کە سێ یانە تێیدا بەشدارن، هاوکاری میونشن دەبێت بۆ ئەوەی گەشەی زیاتر بەخۆی بدات، چونکە "هەر یارییەک وەک یارییەکی کۆتایی پێشوەختە لێدێت".