لێدوانی چاڤی لەسەر نازناوی لالیگا

 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "هێشتا هیچ شتێک لە لالیگادا یەکلانەبووەتەوە و پێویستە بیر لە یارییەکانی داهاتوو بکەینەوە."
 
راهێنەری بارسێلۆنا لە دوای بردنەوەیان لە یانەی ئێلچی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "شەوێکی گەورە بوو بۆ هەموو هێرشبەرەکانمان، رۆبێرت دوو گۆڵی تۆمارکرد، فێران و ئانسو گۆڵیان تۆمارکرد، هەروەها بەرگرییەکی زۆرباشمان هەبوو، بەبێ هیچ گومانێک شەوێکی نایاب بوو بۆ ئێمە، کە لە راستیدا ئێمە و یاریزانەکان پێویستیان بەوە بوو، ئانسۆ فاتی متمانەیەکی زۆری بەدەستهێنا کە پێویستی بەوەبوو، هێرشبەرەکان لەسەر گۆڵکردن دەژین و ئەویش بەو شێوەیەیە، ئەو هەستی بە ماندووبوون کرد بۆیە گۆڕانکاریم پێیکرد، ئەو یاریزانێکی گرنگە بۆ من و گۆڵەکەی ئەنجامی کارکردن و بەهرەکەیەتی".
 
راهێنەری بارسا زیاتر قسەیکرد و دەڵێت "بەڵێ، شەوێکی نایاب بوو بۆ ئێمە، یارییەکی نایابمان کرد و هەمووان لە لایەنە جیاوازەکانەوە کاری زۆرباشیان کرد، هیچ شتێک کۆتاییی نەهاتووە تیپەکە چێژ لەم سەرکەوتنە وەردەگرێت و پاشان بیر لە یارییەکانی داهاتوو و کلاسیکۆی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شا دەکەینەوە".
 
لەبارەی یاریزانە پێکراوەکانیان و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا چاڤی دەڵێت "باببینین بزانین تاوەکو چەند دەتوانین پێشبکەوین، بۆ کلاسیکۆ پێویستیمان بە فرێنکی هەیە کە هەمیشە پابەندبوونێکی گەورەی پێشانداوە، بەڵام دەبینین کە لەم رۆژەدا بارودۆخی چۆنە، هیوادارم چاکببێتەوە، بەڵام ئەو بەندە بەوەی کە هەستەکانی چۆن دەبن و بارودۆخی چۆن دەبێت".