ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بە کەرنەڤاڵێک خۆی زیاتر لە نازناوی لالیگا نزیککردەوە

02-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا کەرنەڤاڵێکی گەورەی گۆڵ تۆمارکردنی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامدا و هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیکبووەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئێلچی یارییکرد، یانەی میوان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
لە خولەکی 20 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگیی شکاند و گۆڵێکی بۆ یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد، نیوەی یەکەم تەنیا ئەم گۆڵەی بەخۆیەوە بینی، لەکاتێکدا بارسا چەند هەلێکی دیکەی لەدەستدا.
 
لە نیوەی دووەمدا کەتەلۆنییەکان باشتر یارییانکرد، لە خولەکی 55 لە هەوڵێکی تاکەکەسیدا ئانسو فاتی گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و بووە خاوەنی چوار گۆڵ لەم وەرزەی لالیگادا.
 
دوای 10 خولەک لەم گۆڵە لیڤاندۆڤسکی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بلاوگرانای تۆمارکرد، ژمارەی گۆڵەکانی بۆ 17 گۆڵ لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی لالیگا بەرزکردەوە.
 
لە خولەکی 70 فێران تۆرێس لەسەر هێڵی سزا تۆپێکی جوانی گەیاندە نێو گۆڵی ئێلچی و بارسێلۆنای کردە خاوەنی چوار گۆڵ و یارییەکەیان بە 4-0 بردەوە.
 
بارسێلۆنا بەبردنەوەی ئەم یارییە ژمارەی خاڵەکانی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بۆ 71 خاڵ بەرزکردەوە و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدرید گەیاندە 15 خاڵ و هەنگاوێکی زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە نزیکبووەوە.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، زۆرترین یاریی بردووەتەوە، کەمترین گۆڵی لێکراوە، گۆڵکاری خولەکە لیڤاندۆڤسکییە، باشترین گۆڵپارێزی خولەکەش ئاندرێ تێر شتیگن کە تەنیا 9 گۆڵی لێکراوە و لەم وەرزەی لالیگادا لە کۆی 27 یاری کە تاوەکو ئێستا کراون لە 20 یارییدا گۆڵی لێنەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە