لێدوانی فەرمی سەرۆکی بارسێلۆنا لەبارەی گەڕانەوەی مێسی

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەرگای گەڕانەوەی لەبەردەم لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان کردەوە و باس لە گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندیش دەکات.
 
لاپۆرتا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئار تی ڤی ئیسپانی گوتی ": چی دەبێت ئەگەر مێسی پەیوەندیت پێوە بکات و بڵێت دەمەوێت بگەڕێمەوە بارسێلۆنا؟ وەڵامەکەت چی دەبێت؟ با قسەبکەین لیۆ، با قسە بکەین، زیاتر لە کەسێکی دڵخۆش خۆشحاڵ دەبم، ئەگەر ئەمە رووبدات."
 
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەڵێت " دەرگای یانەکەمان هەمیشە بۆ مێسی کراوەیە."
 
ئەم قسانەی خوان لاپۆرتا لەکاتێکدان ئەو پێشتر گوتبووی چیدیکە، تیپەکەمان لە دەوری یەک یاریزان دروست ناکەین و رایگەیاند، بیر لە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ناکەنەوە.
 
خوان لاپۆرتا لەبارەی گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند بۆ ریزەکانی تیپەکەی گوتی " نامەوێت بارسێلۆنا لە هەموو کاتێکدا بکەوێتە مەترسییەوە، هەمیشە یانەکە لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، هیچ رێککەوتنێک ناکەین کە ببێتە هۆکاری شکاندنی سیستمی مووچەکانمان، ئەمە ستراتیژیەتی ئێستا و داهاتوومان دەبێت."
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ بارسێلۆنا بڵاوکراوەتەوە، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەرجەنتین دەڵێن " مێسی بیر لە گەڕانەوە بۆ یانەکە ناکاتەوە و هیچ پلانێکیشی بۆ ئەوە نییە."
 
لیۆنێل مێسی لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی چووە یانەی پاریس سانجێرمان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ئاستەی پێشکێشنەکردووە کە لێی چاوەڕواندەکرێت و لە ماوەی رابردوودا هاندەرانی یانە فەرەنسییەکە فیکەی ناڕەزایەتیان لە دژی یاریزانەکە لێدا.