رووداو دیجیتاڵ
هەواڵە ناخۆشەکان بۆ هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بەردەوامن و دوو رۆژ بەر لە یاریی دێربیی مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا، ئەستێرەیەکی ئەو یانەیە بە تەنیا مەشق و راهێنان دەکات.
دوای دۆڕانیان بەرامبەر یانەی ریال بێتیس و دابەزینیان بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگا، ئەمڕۆ یانەی ریال مەدرید دەستی بە مەشق و ئامادەکارییەکانی کردووە و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەدەکات کە رۆژی سێشەممە لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لە یاریی بەرامبەر ریال بێتیس، فێدریکۆ ڤالڤێردی، بەشداری لە یارییەکەدا نەکرد، هەرچەند کارلۆ ئەنچێلۆتی بەر لە یارییەکە گوتی "ڤالڤێردی هیچ پێکانێکی نییە و بۆ یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دەگەڕێتەوە "، بەڵام گەڕانەوە و یارییکردنی ئەو یاریزانە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید هێشتا دیارنییە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، یاریزانە ئۆرۆگواییەکە دوو رۆژ بەر لە دێربیی مەدرید بە تەنیا مەشق و راهێنان دەکات، رۆژی دووشەممە بڕیاردەدرێت یاریزانەکە بەشداری لە مەشقە بە کۆمەڵەکان دەکات یان نا.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یاریزانەکە لە رۆژانی رابردوودا سەرچاوەی دوودڵی بووە لە ریال مەدریددا، هۆکارەکەشی هەستکردنی بووە بە ئازار لە بەشی دواوەی رانی چەپیدا، کە هەر بەو هۆیەشەوە نەیتوانی بەرامبەر ریال بێتیس یاریی بکات.
ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدایە، یانەکە لە دوایین 5 یاریی لالیگادا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و دوای دۆڕانی بەرامبەر ریال بێتیس دابەزی بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ