رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک یانەی ئەیسی میلان دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست، کاتێک ئەمشەو لە یارییەکی بەهێز و لووتکەی سێریا ئادا بەرامبەر یانەی لازیۆ یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 27ـی خولی ئیتاڵیا، لە یاریگەی سانسیرۆ میلان بەرامبەر لازیۆ یاری دەکات، یانەکە دەیەوێت ئەو دۆخە خراپە راستبکاتەوە کە چەند هەفتەیەکە تێیکەوتووە، لە کاتێکدا یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا کرایە دەرەوە، لە دوایین دوو یاریشدا لە سێریا ئادا دۆڕاوە و ئەمشەویش ئەرکی قورسە.
میلان ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 41 خاڵە، لازیۆ لە تیپە باشەکانی ئەم وەرزەی خولەکەیە و لە پلەی پێنجەمە.
یانەکەی پایتەخت سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، بەڵام دەیەوێت لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوە بەردەوامبێت، بەتایبەت کە ئەو یانەیەش لە دوایین سێ یارییدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
میلان لە دوایین دوو یارییدا دۆڕاوە و ئەم یارییە زۆر پێویستی بە بردنەوەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هاندەرانی بڵێت ئەو دۆخە خراپە کاتییە، چونکە بە دۆڕانێکی نوێ هیچ پاساوێک بۆ کۆنسیساو و یاریزانکانی نامێنێت و بێگومان رووبەڕووی لیشاوی رەخنە و ناڕەزایی هاندەران و میدیاکان دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ