ئامەدسپۆر سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا و چووە پێشەنگ

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و چووە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە دووی تورکیا.
 
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی پلە دووی تورکیا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی کارامانی کرد و بە ئەنجامێکی گەورە یارییەکەی بردەوە و چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
 
لە خولەکی 9 ئۆکتای ئایدن گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئامەدسپۆر تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا دوای تەنیا چوار خولەک، تانەر گوموش گۆڵی دووەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 53 چەکدار ئورهان، یانەکەی باکووری کوردستانی کردە خاوەنی سێ گۆڵ و یانەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 58 ئەحمەد فورکان ئەنجامەکەی بۆ یانەی کارامان کەمکردەوە، بەڵام دوای تەنیا چوار خولەک لەو گۆڵەی یانەی میوان، مەرت چاپەر بۆ جاری چوارەم تۆڕی گۆڵی یانەی کارامانی هەژاند و ئامەدسپۆری کردە خاوەنی چوار گۆڵ.
 
ئامەدسپۆر یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە سوود وەرگرتن لە دۆڕانی یانەی ئاگدیر بەرامبەر یانەی مەنەمەن سپۆر، یانەکەی باکووری کوردستان چووە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا.
 
ئامەدسپۆر لە 27 یاریی ئەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیا 17 بردنەوە، 9 یەکسانبوون و 2 دۆڕانی هەیە و ئێستا یانەکە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە خاوەنی 56 خاڵە.