سەرۆکی لازیۆ: بەرامبەر میلان بەزۆر بەدۆڕانیانداین

02-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی لازیۆ سیری ئا میلان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کلاودیۆ لۆتیتۆ، سەرۆکی یانەی لازیۆی ئیتاڵی، هێرشی تووندی کردە سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی، پاشئەوەی یانەکەی دوێنی شەو بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە میلان دۆڕا.
 
یاریزانانی لازیۆ هەرلەسەرەتای یارییەکەوە لەگەڵ مارکۆ دی پیلۆی ناوبژیوانی یارییەکە کەوتنە مشتوومڕی تووندەوە، پاشئەوەی رازینەبوو لێدانێکی سزا لەسەر مایک ماینانی گۆڵپارێزی میلان بگرێت و دواتریش سێ کارتی سووری بەڕووی یاریزانانی یانەکەدا بەرزکردەوە.
 
لوتیتۆ لە لێدوانی بۆ میدیاکان، پاش یارییەکە گوتی، "کاتێک یارییەکە بەو شێوەیە دەڕوات، دەبێ دامەزراوەکانی دیکە بێنە ناوەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەن".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "ئەمە مانای ئەوەیە کە سیستمەکە جێگەی متمانە نییە، کاتێکیش ئەوە روودەدات، ئێمە پێویستمان بەئاستی سێیەمی دامەزراوەکان هەیە بۆ سنووردارکردنی دۆخە خراپەکە. کاتێک تۆ یاساکان پێشێل دەکەی، ئەوکات دەبێ دامەزراوەیەک هەبێت، هەق و ناهەق لێکبکاتەوە".
 
لە یارییەکەی لازیۆ و میلاندا، هەریەکە لە لۆکا بیلیگرینی، ئادەم مارۆسیچ و ماتیۆ گندۆزی یاریزانانی لازیۆ بەکارتی سووری ناوبژیوان کرانە دەرەوە. 
 
ناوبژیوان هاوکات کارتی زەردای دایە هەریەکە لە ماوریسیۆ ساری، راهێنەری تیپەکە، ئالیسیۆ رۆمانیۆلی، چیرۆ ئیمۆبیلی، ئالسید هاسای یاریزانانی یانەکە.
 
لە بەرامبەر لە یانەی میلان هەریەکە لە ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی، یاسین عەدلی، ماتیۆ گابیا، تیۆ هێرناندێز، رافایێل لیاو و کریستیان پۆلیسیچ کارتی زەردیان پێدرا.
 
سەرۆکی یانەی لازیۆ زیاتر دەڵێ، "بەبڕوای من، ئەمە تێپەڕاندنی هێڵی سوورە، ئەمە تێپەڕاندنی هەموو سنوورەکانە، یانەکە لەسەرئەوەی بەرامبەری کراوە، لە هەموو شوێنیک دەنگ هەڵدەبڕێت، خۆ ئەگەر سیستمەکەمان ناتوانێ متمانە دەستەبەر بکات، ئەوکات ئیدی دەبێ هەندێک پرسیاری لەبارەوە بکەین".
 
سەرۆکی لازیۆ زیاتر دەڵێ، "من نازانم ناوبژیوانەکە کێیە و لەکوێوە هاتووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە دەستەی خولەکە دەزگایەکی دیکە لە دەرەوەی سیستمەکەوە بهێنێت، پێموایە ئەوە ریزی بنەماکانی کارەکە و ئەو لێهاتووییەیە کە ئێستا نەماوە".
 
سەرۆکی لازیۆ، کە تووڕەبوونی خۆی لە رووداوەکانی یارییەکە نەشاردووەتەوە، دەڵێ، "پێموایە ئەمە دۆڕاندنێکی بەزۆربوو بەسەر ئێمەیاندا هێنا، مردنێکی پێشتر راگەیێنراو بوو، من دەزانم دەبێ پەنا بۆ کام دەزگا ببەین و چۆن بچینە نێو دۆسێیەکەوە".
 
سەرۆکی یانەکەی رۆمای پایتەخت زیاتر دەڵێ، "تۆپی پێ بریتییە لە رێزگرتنی بەهاکانی وەرزش، بەڵام یارییەکی لەم شێوەیە هیچ جۆرە بەهایەکی وەرزشیی تێدا نەبوو".
 
بەبردنەوەی یارییەکەی لازیۆ، یانەی میلان جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ یوڤێنتوسی دووەمی ریزبەندی خولەکەدا، بۆ تەنیا یەک خاڵ کەمکردەوە و ئێستا خاوەنی 56 خاڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە