سەرۆکی لالیگا بۆ بارسێلۆنا: یاریزانەکانتان بفرۆشن

02-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خافیێر تێباس لالیگا لالیگا، بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خافیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگای ئیسپانیا، رێگەچارەی نموونەیی بۆ کۆتاییهێنان بەکێشەکانی یانەی بارسێلۆنا خستە روو.
 
بارسێلۆنا بەدەست تەنگژەی گەورەی داراییەوە دەناڵێنێت. یانەکە ئەگەرچی بەشێک لە داهاتەکانی ساڵانی داهاتووی خۆی پێشفرۆشکردووە، بەڵام نەیتوانیوە لە تەنگژەی دارایی قورس بێتە دەرەوە.
 
کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا پەیوەندییان بە قەرزداریی یانەکەوە هەیە، لەگەڵ مامەڵەکردن لەگەڵ بنمیچی مووچەی یاریزانان کە دەستەی لالیگا بەسەر یانەکانی خولەکدا پەیڕەوی دەکات و ناچاریان دەکات داهات و خەرجییەکانیان هاوسەنگ بن.
 
تێباس، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "بارسێلۆنا ئەو رێگەیە ناگرێتە بەر لە یانەیەکی وەک ئەیاکس ئەمستردام گرتیە بەر، بارسێلۆنا لە دۆخە خراپەکەی دێتە دەرەوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "بارسێلۆنا بژاردەی جیاوازی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، ئێستا دوو تاوەکو سێ یاریزانی ئاستبەرز لە پێکهاتەکەیدا هەیە، دەتوانێ بیانفرۆشێت و بەوەش بەشی گەورەی کێشە داراییەکانی چارەسەر بکات".
 
بەهۆی جیاوازیی لە داهات و خەرجیدا، ماوەیەکی زۆرە بارسێلۆنا بیر لەوە دەکاتەوە ئەو یاریزانانەی لە پێکهاتەکەیدا مووچەی زۆریان هەیە بفرۆشێت، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر بودجەی یانەکە، کە پێویستی بەهاوسەنگکردنەوە هەیە.
 
هاوینی رابردوو بارسێلۆنا نزیکبوو لە فرۆشتنی فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی ناوەڕاستی تیپەکە، بەڵام ئەو یاریزانە رازینەبوو بە رۆیشن لە یانەکە و مانەوەی خۆی درێژەپێدا.
 
تێباس دەڵێ، "فرۆشتنی یاریزانان پارە بۆ بارسێلۆنا دەهێنێت و کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەوان دواتر دەتوانن بەشێوەیەکی سرووشتیی گرێبەست ئەنجام بدەن".
 
سەرۆکی لالیگا هەروەها گوتوویەتی، "وەکئەوەی لە زۆر یانەی دیکەدا روودەدات، بارسێلۆنا بەدۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ئەوەش ناچاریدەکات لە شوێنی خۆیدا بوەستێت و گەشە نەکات".
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا، بەکەم تەماشاکردنی ئاستی ئێستای یانە کەتەلۆنییەکە رەتدەکاتەوە، ئەو دەڵێ، "بارسێلۆنا هێشتا لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ رکابەرە و دەتوانێ لالیگا بباتەوە، هیچ پێویست بەوە ناکات ئەوەی یانەکە دەیکات، بەکەم تەماشا بکەین".
 
بارسێلۆنا ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگایە و 57 خاڵی هەیە، کۆی هەشت خاڵ لە ریال مەدریدی پێشەنگی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە