ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن هەنگاوێکی زیاتر لە نازناوی بوندێسلیگا دووردەکەوێتەوە

02-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرن میونشن
بایرن میونشن
نیشانەکردن بایرن میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن لەسەر ئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە و دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا، بەمەش زیاتر لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی بوندێسلیگا دووردەکەوێتەوە.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی رکابەرییەکانی بوندێسلیگا، بایرن میونشن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی فرایبۆرگ بووەوە، هەردوو تیپ بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
 
دوای تەنیا 12 خولەک و چەند هێرشێکی لەسەریەک فرایبۆرگ لە رێگەی کریستیان گێنتەرەوە گۆڵی پێشکەوتنی بەلێدانێکی بەهێز تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 35 ماتیاس تیل، یاریزانی لاوی فەرەنسی بە گۆڵێکی سەرنجڕاکێش وەڵامی فرایبۆرگی دایەوە و ئەنجامەکەی بۆ یانە باڤارییەکە یەکسانکردەوە.
 
جەمال موسیالا، لە خولەکی 75 دوای یارییکردنێکی جوان بە بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر گۆڵی دووەمی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد.
 
پێشکۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە بە سێ خولەک، لوکاس هۆلەر درێژەی دایە گۆڵە جوانەکان و بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە و یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
بایرن بەم یەکسانبوونە زیاتر لە رکابەریکردنی یانەی بایرلیڤەرکوزن دووردەکەوێتەوە، ئێستا جیاوازیی نێوانیان 7 خاڵە و لە ئەگەری بردنەوەی لیڤەرکوزن لە یانەی کۆلن کە سبەی یارییەکەیان دەکرێت، جیاوازییەکە دەبێتە 10 خاڵ و تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ زیاتر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی بوندێسلیگا نزیکدەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە