رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری یانەی زاخۆ ئامادەیی تیپەکەی بۆ یاریی لووتکەی خولی عێراق، لە بەرامبەر یانەی شورتە راگەیاند، کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە کاژێر 13:30 لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ دەکرێت، یارییەکە راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرت لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
لەبارەی یارییەکەوە عەبدولوهاب ئەبولهێل، راهێنەری یانەی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " بەدڵنیاییەوە یارییەکە بۆ هەردوو تیپ قورسە، یانەی شورتە ئێستا پێشەنگی خولەکەیە، تیپێکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، زۆر نزیکە لەبەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، ئەمەش دەستکەوتە بۆ ئەوان و ئەگەر نازناوەکەیان بردەوە پیرۆزباییان لێدەکەین."
راهێنەری زاخۆ دەڵێت " سوپاس بۆخوا یاریزانەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان، هەمووان دەزانن کە یارییەکە قورسە و وێڕای یارینەکردنی هەندێک یاریزانمان، بەڵام متمانەمان بە یاریزانەکان هەیە."
لەبارەی پرسیارێکی رووداو کە ئەگەر ئەم یارییە بدۆڕێنن واز لە کارەکەی دەهێنێت، یان دووردەخرێتەوە؟ راهێنەری زاخۆ گوتی " نا بەپێچەوانەوە ئێمە دۆخمان زۆر باشە، تیپەکەمان وێرای دۆخی قورسی و رۆیشتنی نزیکەی هەشت تاوەکو نۆ یاریزان، بەڵام هێشتا لەپێشەوەیە. ژمارەیەک یاریزانی لاومان هێناوە و ئامادەیان دەکەین بۆ وەرزی داهاتوو."
عەبدولوهاب زیاتر دەڵێت " لە چوار یاری رابردوومان، سێ یاریمان لەدەرەوەی یاریگەی خۆمان ئەنجامداوە، تەنیا یەک یاریمان لە یاریگەی خۆماندا بووە و پشتبەخوا لە یارییەکەدا جەماوەرەکەمان دڵخۆش دەکەین و ئامانجی ئێمە ئەوەیە یەکێک بین لە هەشت تیپەکەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و لەسەرەتاشەوە ئەوەمان بە ئامانجی خۆمان دانابوو."
راهێنەری یانە کوردستانییەکەی خولی عێراق بە رووداوی گوت " لە جامی عێراقیشدا ئێمە دۆخمان لە هەموو یانەکانی دیکە باشترە، یاری قۆناخی هەشتمان هەیە و ئەگەر لەوێ سەرکەوتووبووین دەگەینە چارەکی کۆتایی جامەکە و ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکە و تیپەکەمان لەسەر رێگەی راستە و پشتبەخوا کارگیڕی و هاندەران و یاریزانان لەپاڵ یەکدەبن بۆ ئەوەی ئەمساڵ ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ