لیڤەرپوول رەزامەندیی یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەدەستدێنێت

رووداو دیجیتال

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی مژدەی ئەوەی پێگەیشتووە کە یەکێک لەو یاریزانانەی لەم وەرزەدا چاوی بڕیوەتە تواناکانی، ئامادەیە بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا پەیوەندی بە ریزەکانی رێدزەوە بکات.

چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیا ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە لیڤەرپوولی پاڵەوانی پرێمەرلیگ بەشێوەیەکی جددی هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ رۆدریگۆ دی پاولی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئۆدینێزی ئیتالی بکات.

ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ بەرپرسانی یانەی لیڤەرپوول ئەوەیە کە پاسکوال مارینۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئۆدینێزی ئیتالی دەرگای رۆیشتنی بۆ دی پاول کردووەتەوە و پێیگوتووە کە لە هاوینی داهاتوودا دەتوانی بچیتە ئەوە یانەیەی حەزت لێیە.

مارینۆ لەبارەی دی پاولەوە گوتی "دی پاول هەندێک تایبەتمەندی هەیە کە زۆر لە گەورەترین یانەکانی ئەوروپا پێویستیان پێیەتی".

ئەو بەرپرسەی یانەی ئۆدینێزی هەروەها لەبارەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکەوە زیاتر گوتی "هیوادارم دی پاول لە یانەکەمان نەڕوات، بەڵام ئەگەر بڕیاری رۆیشتنی دا، بێگومان ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا واژۆی لەگەڵ بکات تیپەکەی دەباتە ئاستێکی بەرزتر و جیاوازتر".

رۆژنامەکانی بەریتانیا بڵاویان کردووەتەوە کە لیڤەرپوول ئامادەیە 26 ملیۆن پاوەند بداتە ئۆدینێزی لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە دی پاول، کە ئەو یاریزانە ئامانجێکی سەرەکی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالیشە.