ئێمباپێ چۆن دەبێتە مێسی و رۆناڵدۆ؟ پۆچێتینۆ وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتال

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لەو بڕوایەدایە کە یاریزانەکەی کیلیان ئێمباپێ دەتوانێت وەک لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی ببێتە باشترین یاریزان لە جیهاندا.

پۆچێتینۆ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئێمباپێ، پەسنی یاریزانەکەی دا و کاتێک لێیانپرسی، ئایا دەکرێت ئێمباپێ وەک مێسی و رۆناڵدۆ سەرکەتووبێت؟ ئەو گوتی "ئێمباپێ بێگومان توانای هەیە وەک مێسی و رۆناڵدۆ بێت، ئەو تەنیا پێویستی بە کاتە".

راهێنەری ئەرجەنتینی، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ناتوانین پرۆسەکە خێراتر بکەین، من پێموایە ئەو بەڕاستی یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام هەندێک کاتی دەوێت بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی دیارتر بەدەستبێنێت، بۆ ئەوەی ئەو ناوبانگە بەدەستبێنێت، کە شایستەیە و بەدەستیشی دەهێنێت".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ریمۆنتادا لە لایەن بارسێلۆناوە لەدژی یانەکەی، کاتێک لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگەی باخچەی میرەکان لە پاریس رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە؟ پۆچێتینۆ گوتی "هەموو شتێک لە تۆپی پێ دا روودەدات، ئەو شتەی کە هەرگیز بڕوای پێناکەی لەوانەیە رووبدات، جا باش بێت یان خراپ".

راهێنەری پاریس سانجێرمان، لە کۆتایی قسەکانیدا، لەبارەی ئەگەری روودانی ریمۆنتادا زیاتر گوتی "هەندێجار دەکرێت ئەوە رووبدات کە ناتوانین خەیاڵ و بیری لێبکەینەوە، بەڵام ئێمە بەشێوەیەکی ئەرێنی بیردەکەینەوە و ئامادەکاری بۆ هەموو یارییەک دەکەین بەهەمان شێوە، هەمیشەش وا دەزانین کە دەبێت جارێکی دیکە سەرکەوینەوە بۆ ئەوەی شایستەی سەرکەوتن بین".

پاریس سانجێرمان له یاری چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگەی کامپ نودا 4 - 1 لە بارسێلۆنای بردووەتەوە و پێویستە بارسا لە یاری گەڕانەوەدا بە جیاوازی 4 گۆڵ بباتەوە بۆ ئەوەی سەربکەوێت، بەڵام هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن کە بارسا ناتوانێت دەستکەوتی 2017 دووبارە بکاتەوە، کە ئەوکاتیش لە یاریی چووندا پاریس سانجێرمان بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، بەڵام بارسا لە یاری گەڕانەوەدا 6 - 1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یانە پاریسییەکەی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرد.