پایسكلسواری له‌ هۆڵی داخراو له‌ هۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت


رووداو - هه‌ولێر

لە رۆژی دووەمی پاڵەوانیەتیی جیهان بۆ پایسكلسواری لە هۆڵی داخراو، کە لە هۆڵەندا دەکرێت، هەریەكە لە تیپەكانی كۆڵۆمبیا، بریتانیا، بیلارووسیا و ئەمەریكا بردنەوەیان تۆماركرد.

لە ركابەریی كێرین بۆ پیاوان، فابیان هێرناندۆ پوێرتای كۆڵۆمبی میدالیای زێری بردەوە، دوای ئەوەی سەركەوتنی بەسەر كاواباتای ژاپۆنی و ماكسیملیان لیڤیی ئەڵمانی بەدەستهێنا.

پاڵەوانی رابردووی نازناوەكە، عەزیزوڵڵا حەسەنیی مالیزی لە پلەی 13یەم هات.

لە پێشبڕكێی راوەدوونانیش بۆ پیاوان، تیمی بریتانیا پلەی یەكەمی بردەوە دوای سەركەوتنیان بەسەر دانیمارك.
ئیتاڵییەكانیش پلەی سێیەم و برۆنزیان بەركەوت، دوای ئەوەی لە ئەڵمانیایان بردەوە.

لە ركابەریی سكراچدا بۆ پیاوان، یاهوینی كارالیۆك لە بیلارووسیا، میدالیای زێڕی بردەوە، دوای سەركەوتنی بەسەر سكارتیزینی ئیتالی و كالام سكۆتسۆنی ئوستڕالی، كە پلەكانی دووەم و سێیەمیان بەركەوت.

لەسەر ئاستی خانمانیشدا ئەمەریكا پلەی یەكەمی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بەسەر بریتانیا سەركەوتن.
پلەی سێیەمیش بۆ ئیتالیا بوو.