750 پۆلیس دێربیی مەدرید دەپارێزن

رووداو - هەولێر

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، ئاشكرای كە لایەنە ئەمنییەكان لە ئیسپانیا 750 پۆلیسیان دیاریكردووە، بۆ ئەوەی ئاساییشی یاریی دێربیی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلەتیكۆ مەدرید بپارێزن، كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە یاریگەی ڤێنسنتی كالدیرۆن، یاریگەی یانەی ئاتلەتیكۆ مەدرید ئەنجام دەدرێت.
یارییەكە لە میانەی هەفتەی 26ی خولی لالیگای ئیسپانیایە و پێشبینیی دەكرێت زۆر بەهێز بێت.

لایەنی ئاساییش لە ئیسپانیا پلانێكی تۆكمەیان داناوە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆَلی هەركێشە و گرفتێك بكەن، ئەگەر خوانەخواستە رووبدات، چونكە یارییەكە زۆر هەستیارە و یاریی نێوان هەردوو یانەكەی شاری مەدرید زۆربەی جاریش توندوتیژی بەخۆیەوە بینیوە.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد، پۆلیسی مەدرید پلانێكی ئەوتۆی داناوە، كە پلانی یەدەگی هەیە و باری لەناكاو جێبەجێ دەكات، تەنانەت سەگی تایبەتیشیان دابینكردووە.

سبەی یاریی نێوان ئاتلەتیكۆ مەدرید و ریال مەدرید، ركابەرییە لەسەر پلەی یەكەمی ریزبەندی، كە ئێسا ریال بە 63 خاڵ لە پلەی یەكەمە، ئاتلەتیكۆش بە 60 خاڵ لە پلەی سێیەمە.