رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا هاندەرانی شۆککرد، و ماوەی دوورکەوتنەوەی یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی بەهۆی پێکانەوە ئاشکراکرد.
ریال مەدرید جگە لە دۆڕان بە ئیسپانیۆل و لەدەستدانی سێ خاڵی گرنگ، گورزێکی دیکەی بەهێزی بەرکەوت، بەر لە یارییە گرنگەکانی داهاتووی کە بریتین لە رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی رکابەری لە لالیگادا و هەروەها دووجار رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی لە پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ بۆ گەیشتن بە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا سروشتی ئەو پێکانەی ئاشکرا کرد کە ئەنتۆنیۆ رودیگێری ئەڵمانی، بەرگریکاری تیپەکە تووشی بوو لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل.
لە بڵاوکراوەکەی ریال مەدریددا هاتووە "دوای ئەو پشکنینانەی کە لەلایەن نۆرینگەی پزیشکی یانەکەوە بۆ ئەنتۆنیۆ رودیگێری یاریزانەکەمان ئەنجامدران، دەرکەوت کە پێکانی لە ماسوولکەی دوو سەرەی پشتی رانی راستی هەیە، و وادەی گەڕانەوەی بەندە بە چەندێتی و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی یاریزانەکە بۆ چارەسەرییەکەی".
رۆدیگێر بەبێ هیچ بەرکەوتنێک کەوتە سەر زەوی و هەستی بە ئازاری ماسوولکەکانی کرد، و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر بڕیاریدا لە خولەکی 15 گۆڕانکاری پێبکات و لە شوێنی ئەو راول ئاسێنسیۆی ناردە نێو یاریگا.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، رۆدریگێز لەنێوان دوو بۆ سێ هەفتە لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە. هەندێک سەرچاوەش دەڵێن "لانیکەم 20 رۆژی پێویستە بۆ چاکبوونەوە و گەڕانەوە بۆ نێو یاریگاکان".
بەرگریکارە ئەڵمانییەکە لە یارییەکانی ریال مەدرید بەرامبەر لیگانیس لە جامی شا و ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئۆساسۆنا لە لالیگا و مانچێستەر سیتی (یاری چوون) لە چامپیۆنزلیگ بەشداری ناکات، تەنانەت گومان لەسەر بەشداریکردنی لە یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر مان سیتی لە چامپیۆنزلیگ دروست دەبێت، کە بڕیارە لە 19ـی شوبات بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا ئەگەری گەڕانەوەی لەگەڵ مێرینگێ بەرامبەر جیرۆنا دەبێت لە خولی ئیسپانیا، کە لە 23ـی شوبات لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
ئێستا بژاردەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە دڵی بەرگری لە تیپی شاهانەدا بریتین لە راول ئاسێنسیۆ، جیسوس ڤاییخۆ و دەیڤد ئالابا، کە ئەمەی دوایی بەهۆی پێکانەوە ماوەی ساڵێکە لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە و ئێستا دەگەڕێتەوە.
رودیگێر لەم وەرزەدا لە هەر 34 یاری ریال مەدرید بەشداری کردووە، تەنیا لە یارییەکەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر مینێرا بەشداری نەکرد بۆ ئەوەی پشوو بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ