دێمبلی، نهێنیی هاتریکەکانی ئاشکرا دەکات

02-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن عوسمان دێمبلی یانەی پاریس سانجێرمان خولی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عوسمان دێمبلی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دڵخۆشیی خۆی بەتۆمارکردنی هاتریکێکی نوێ لە دوایین یاریی یانەکەیدا بەرامبەر برێست لە خولی فەرەنسا دەربڕی و نهێنی درەوشانەوەکانی ئاشکراکرد.
 
سانجێرمان 5 - 2 گۆڵ لە برێستی بردەوە و ئەوە دووەم یارییە لەسەریەک دێمبلی هاتریک تۆمار دەکات، پاشئەوەی لە یاریی ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا بەرامبەر شتوتگارتی ئەڵمانی، لە چامپیۆنزلیگ، هەمان کاری کرد.
 
عوسمان دوای یارییەکە گوتی، "تۆمارکردنی هاتریکێکی نوێ کارێکی دڵخۆشکەرە، بەڵام دەبێ پیرۆزبایی لە هاوڕێکانم بکەم بۆ ئەو تۆپانەی لە یارییەکەدا بۆیان ناردم، من دەبوو تەنیا یەک قاچی لێبدەم و ئیدی گۆڵ تۆمار بکەم".
 
هەروەها دەڵێ، "ئێستا لە هێرشبەری سەرەڕمدا یارییدەکەم، ئەوە وا دەکات پێویست بێت لەسەرم گۆڵی زۆر بکەم و خێراییەکەم بقۆزمەوە لەپێناو بۆشاییەکانی پشتی بەرگریکەران".
 
عوسمان نهێنییەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێ، "پێشتر لەسەر هێڵ یارییم دەکرد، دەبوو لانیکەم سێ تاوەکو چوار یاریزان ببڕم، ئینجا گۆڵێکم تۆماردەکرد، بەڵام ئێستا لەسەرەڕمدا، تەنیا بەبەرکەوتنی تۆپ دەتوانم گۆڵ بکەم، وەکئەوەی ئەمڕۆ کردم، ئەمە کارێکی باشە و دەبێ بەهەمان ئاستەوە بەردەوام بم".
 
بەو هاتریکەی تۆماریکرد، عوسمان کۆی گۆڵەکانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسادا گەیاندە 14 گۆڵ و پێشەنگی گۆڵکەرانی خولەکەی گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە