راهێنەری ژاپۆن بۆ رووداو باسی ئەو یاریزانەی دەکات کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە دوورخرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

راهێنەری هەڵبژاردەی ژاپۆن، بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئێران، لە قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا، بۆ رووداو باس لە دۆخی جونیا ئیتۆ، یاریزانی هەڵبژاردەکەی دەکات کە بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسییەوە لە هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، بەبڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ژاپۆن، جونیا ئیتۆ، یاریزانی هەڵبژاردەکە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لە هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە و لە قەتەرەوە گەڕایەوە ژاپۆن.
 
پۆلیسی شاری ئۆساکا رایگەیاند، سکاڵا لەسەر ئەو یاریزانەیان پێگەیشتووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەو پرسە کراوەتەوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران، محەممەد کارێزی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی جامی ئاسیا، پرسیاری لە هاجیمی موریاسۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ژاپۆن کرد، کە دۆخی ئەو یاریزانە چۆنە، ئایا قسەی لەگەڵ کردووە و چ کاریگەرییەکی لەسەر تیپەکە دەبێت؟
 
هاجیمی لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداودا سەرەتا باسی دۆخی هەڵبژاردەکەی بۆ ئەو یارییە کرد و گوتی "پێموایە هەمووان بە ئێوەی میدیاکاریانیشەوە هەڵبژاردەکانی ئێران و ژاپۆن لە ریزی بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە دادەنێن، بەڵام هێشتا پێویستە شەڕ بکەین بۆ ئەوەی نازناوەکە ببەینەوە. وەک لە قۆناخی کۆمەڵەکان بینیتان، تۆپی پێی ئاسیا زۆر بەرەوپێش چووە و هێشتاش بەرەوپێش دەچێت، جیاوای نێوان هەڵبژاردە گەورەکان و هەڵبژاردەکانی دیکەش کەمبووەتەوە، بۆیە پێموایە هەموو هەڵبژاردەکان چانسی ئەوەیان هەیە پاڵەوانێتییەکە ببەنەوە." 
 
دوای ئەوە موریاسۆ چووە سەر پرسی تایبەت بە جونیا ئیتۆ و لە وەڵامی رووداودا گوتی "لەبارەی بابەتەکەی جونیا ئیتۆوە، من قسەم لەگەڵ خۆی کردووە، ئەو لە رووی جەستەییەوە کێشەی نییە، بەڵام لە رووی دەروونییەوە پێم وایە لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت بەشداری یارییەکان بکات، من ئامادەم یارمەتی بدەم ئەگەر پێویستی پێبێت و هیوادارم بە هێزێکی زیاترەوە بگەڕێتەوە. ئەو گومانلێکراوە و هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بۆیە تکا لە ئێوەی میدیاکار دەکەم کە زیاد لە پێویست کاردانەوە نەنوێنن لەبارەی ئەو بابەتەوە."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ژاپۆن، جونیا ئیتۆ لە دوای یارییە دۆستانەکەی ژاپۆن و پیرۆ، کە لە حوزەیرانی 2023 لە ئۆساکا ئەنجامدرا، لە هۆتێل دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر دوو ژن و بەو هۆیەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت "هەموو ئەوەی لەبارەی یاریزانەکەوە دەگوترێت بێ بنەمایە و دەبێت جونیا قەرەبوو بکرێتەوە."
 
رۆژی شەممە لە رکابەرییەکانی قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا، هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و ئێران رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە کاژێر 14:30 لە یاریگەی کۆمەڵگەی فێرکاری بەڕێوەدەچێت.