ڤیدیۆ؛ ئەو یاریزانەی وەک پاشا ناسێنرا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی کۆلۆ کۆلۆی چیلی، بەشێوەیەکی فەرمی ئارتورۆ ڤیدال، ئەستێرەی وڵاتەکەی وەک یاریزانی نوێی یانەکەی بە هاندەران ناساند.
 
لە یاریگەی مۆنۆمێنتال لە شاری سانتیاگۆی چیلی، بە ئامادەبوونی 35 هاندەر، ئارتورۆ ڤیدال، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئەو وڵاتە بە هاندەران ناسێنرا و یاریزانەکە جارێکی دیکە گەڕایەوە یانەی کۆلۆ کۆلۆ.
 
ناساندنی ڤیدال وەک یاریزانی نوێی یانەکە، کەرنەڤاڵێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بوو، یاریزانەکە سەرەتا بە هێلیکۆپتەر هاتە نێو یاریگە، دوای ئەوە بە جلوبەرگی شاهانەوە سواری ئەسپێک بوو، تاجی شای لەسەر دانراوە و بە شمشێرێکەوە بە چوار دەوری یاریگەدا سوڕایەوە و سڵاوی لە هاندەرانی یانەکەی کرد.
 
هاندەرانی کۆلۆ کۆلۆ، بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە ڤیدال کرد و بەیەکەوە ناوی یاریزانەکەیان دەگوتەوە.
 
دوای گەڕانەوەی بۆ ئەو یانەیە، ئارتورۆ ڤیدال قسەی بۆ هاندەرانی یانەکە کرد و گوتی "پێویستە بە رێگەیەکی تایبەت سوپاسی ئەم هەموو خۆشەویستییە بکەم، ئەویش بەوەی یارییەکی باش بکەم، بۆ ئەوەی ئامانجەکانمان بەدیبهێنین و چێژ وەربگرین، هەموو ئەوەی لە شوێنەکانی دیکە بەدەستمهێناوە، دەمەوێت لێرە دووبارەی بکەمەوە، لەبەرئەوەشە کە هاتووم بۆ ئێرە، دەمەوێت هاوکاریی هاوڕێکانم بکەم لە تیپەکەدا و بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ ئاستێکی باشمان دەبێت."
 
ئارتورۆ ڤیدال، تەمەنی 36 ساڵە، یەکەم دەرکەوتنی وەک یاریزانێکی پیشەگەر لە یانەی کۆلۆ کۆلۆ بووە لە 2005، دوای ئەوە لە یانەکانی یوڤێنتوس، بایرن میونشن، بارسێلۆنا، ئینتەرمیلان، فلامینگۆ، ئاتلێتیکۆ پارانایێنسی یارییکردووە و ئێستاش گەڕاوەتەوە یانەکەی پێشووی.