ڤیدیۆ؛ رێوان ئەمین و بەیار ئەبوبەکر پەیوەندییان بە یانەی دهۆکەوە کرد

02-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رێوان ئەمین بەیار ئەبوبەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەی لە خولی نایابی عێراقدا، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی هەریەکە لە رێوان ئەمین و بەیار ئەبوبەکری بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بارەگای یانەکە بەڕێوەچوو، یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی هەردوو یاریزانەکەی بە میدیاکان ناساند.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک گوتی " بەناوی کارگێڕیی یانەی دهۆک و هەموو ئەندامانی یانەکە سوپاسی باوکی رێوان ئەمین دەکەین، کە پێشانیداین بۆ ئەوان ناوی دهۆک لە پارە و هەموو شتێک گرنگترە، ئەو پارەیەی ئێمە بە یاریزانەکەمان داوە، یانە هەبووە سێ هێندەی ئەوەی بە یاریزانەکەی داوە، بەڵام ئەوان ناوی دهۆکیان هەڵبژاردووە و ئەمەش جێگەی پێزانینێکی زۆرە."
 
سەرۆکی یانەی دهۆک زیاتر گوتی " مژدە بە هاندەرانمان دەدەین کە لە ئەمڕۆوە رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی دهۆکە و گرێبەستەکەی تاوەکو کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراق دەبێت و دوای کۆتاییهاتنی وەرزەکە، لەبارەی وەرزی داهاتووەوە قسەدەکەین."
 
لەلایەن خۆیەوە رێوان ئەمین گوتی " من خەڵکی دهۆکم و خەونی من بوو یاری بۆ یانەی دهۆک بکەم، دڵخۆشم بەوەی کە خەونەکەم بووە راستی و زۆر دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بە یانەکەوە."
 
جگە لە رێوان ئەمین، یانەی دهۆک گرێبەستکردنی لەگەڵ بەیار ئەبوبەکر، یاریزانی کوردی یانەی نەفت واژۆکرد و دوای چەند ساڵێک جارێکی دیکە یاریزانەکە گەڕایەوە یانەی دهۆک.
 
سەرۆکی یانەی دهۆک لەبارەی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بە رۆژنامەڤانانی گوت "  بەیار ئەبوبەکر خزمەتی یانەی دهۆکی کردووە، شانازییە کە جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە یانەکە، بەناوی یانەی دهۆکەوە بەخێرهاتنی دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە