بەهۆی رۆناڵدۆوە 20 خاڵی دیکە لە یوڤێنتوس دەشکێندرێت

رووداو دیجیتاڵ

نەهامەتییەکانی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی بەردەوام دەبن، دوای ئەوەی داواکاریی گشتیی لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڕیاریداوە لێکۆڵینەوەکان لە دژی ئەو یانەیە بەردەوامبن و سزای زیاتری بەسەردا بسەپێنن.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی کۆریێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، داواکاری گشتیی لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی 20 خاڵی دیکەش لە یانەی یوڤێنتوس بشکێندرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لە گرێبەستی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی یوڤێنتوس شتی شاراوە هەن.
 
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سعودیەوە بچێتە ئیتاڵیا بۆ شایەتیدان سەبارەت بە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس، کە گومان دەکرێت چەند فێڵێک کراوە.
 
وردەکاریی "فێڵەکە" چۆن بووە؛ پەڕەیەک بەم دواییە دەست پۆلیسی ئیتاڵیا کەوتووە کە لە سەردەمی کۆرۆنادا، یانەی یوڤێنتوس لە رێگەی بەڕێوەبەری وەرزشییەکەی کە ئەوکات پاراتیچی بوو، کاغەزێکی سپی خستووەتە بەردەستی رۆناڵدۆ کە واژۆی لەسەر بکات گوایە مووچەی تەواوی وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ مووچەیەکیان پێنەداوە و ژێربەژێر لەگەڵیدا رێککەوتوون کە دواتر ئەو پارەیەی بدەنێ کە واژۆی لەسەر کردووە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی کە یوڤێنتوس لە رووی خەرجکردن و داهاتەوە لەلایەن یوێفاوە سزا نەدرێت.
 
ئەگەر رۆناڵدۆ شایەتی لەسەر ئەو بابەتە بدات و دان بەوەدابنێت کە راستیی بابەتەکە چۆن بووە، ئەوا ئەگەری سزادانی ئەو یاریزانەش لە ئارادایە کە پێدەچێت بۆ ماوەی مانگێک لە یاریکردن سڕبکرێت.
 
بەپێی رۆژنامەکەبێت، داواکاری گشتی لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا داوا دەکات 20 خاڵ لە یوڤێنتوس بشكێت، کە ئەمەش ژمارەی خاڵەکانی یوڤێ لە خولی ئیتاڵیا بۆ 3 خاڵ کەمدەبێتەوە، دوای ئەوەی پێشتر 15 خاڵی لێشکابوو، بەهۆی سزادان لەسەر دۆسیەی "زەبەلاحکردنی سەرمایە".
 
پێشتر چەند سزایەکی دیکە بەسەر بەرپرسانی ئێستا و پێشووی یانەکەدا سەپێنران، ئاندریا ئانێلی، سەرۆکی پێشووی یانە ئیتاڵییەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کارکردن سڕکرا، بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، فابیۆ پاراتیچی، کە پێشتر بەڕێوەبەری وەرزشی یانە ئیتاڵییەکە بووە، بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە کارکردن راگیرا.
 
هەر ئەمەش نا، ماوریزیۆ ئاریڤابێنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی یوڤێنتوس بۆ دوو ساڵ راگیرا، فێدریکۆ چێروبینی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بۆ ساڵێک و 4 مانگ سڕکرا و پاڤێل نێدڤێد، جێگری سەرۆکی پێشووی یانەکەش سزای سڕکردنی بۆ ماوەی 8 مانگ بەسەردا سەپێنرا.
 
سەپاندنی هەموو ئەم سزایانە بەسەر یانەی یوڤێنتوس، یانەکە دەخاتە بەردەم بارودۆخێکی سەخت و چارەنووسێکی نادیار.
 
دوای راگەیاندنی سزاکانی یانەکەش یوڤێنتوس راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت " یانەکە چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی هۆکارەکانی سزادانە، بەشێوەیەکی سەرەتایی رایدەگەیێنین لە بەردەم دادگەی ئۆڵیمپیدا تانە لە بڕیارەکە دەدەین."