ڤیدیۆ؛ یاریزانە تەمەن 55 ساڵییەکە دەچێتە خولی پۆرتوگال

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئۆلیڤێرێنسی پۆرتوگالی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، کازیۆشی میورا یاریزانی ژاپۆنی تەمەن 55 ساڵ، کە بەتەمەنترین یاریزانی تۆپی پێیە، پەیوەندی بە یانە پورتوگالییەکەوە کردووە، کە لە خولی یانە پلە دووەکانی پۆرتوگال یاری دەکات.
 
میورا کە نزیکە لە 38 ساڵە وەک یاریزانی پیشەگەری تۆپی پێ یاری دەکات، وەرزی رابردوو بە خواستن یاری بۆ یانەی سوزوکا پوینت جێتسی خولی یانە پلە چواری ژاپۆنی یاریکرد، کە لە 18 یاریدا دوو گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
 
یاریزانەکە لە ساڵی 2055ـەوە لەگەڵ یانەی یۆکۆهاما بووە، کە کۆمپانیای ئۆنۆدێرا گرووپ کە بەهاوبەشی سپۆنسەری یۆکۆهاما و یانە پۆرتوگالییەکە دەکات.
 
میورا کە پێشتر لە بەرازیل، ئیتاڵیا، کرواتیا و ئوسترالیا یاری کردووە، ئێستا لە پێنجەمین وڵاتی بیانی لەگەڵ ئۆلیڤێرنس یاری دەکات و تا هاوین پەیوەندی بەو یانەیەوە کردووە.