یاریزانانی ریال مەدرید گلەیی دەکەن و یانەکەش بەخێرایی وەڵامیان دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەپەلە وەڵامی سکاڵای بەشێکی یاریزانەکانی دەداتەوە، لە پێش هەمووشیانەوە کەریم بنزیما، کاپتن و گۆڵکاری یانەکە.
 
میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، بەشێکی یاریزانەکانی ریال مەدرید لە پێش هەمووانەوە کەریم بنزیما، بێزاری خۆیان لە چیمەنی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گەیاندووەتەوە یانەکەیان، بەڵام رەتیانکردووەتەوە بە ئاشکرا باس لەو بابەتە بکەن.
 
ماڵپەری دێڤێنستا سێنترالی ئیسپانی نووسیوویەتی " کەریم بنزیما، هێرشبەی یانەکە بێزاریی خۆی لە چیمەنی یاریگەکەیان گەیاندووەتە کارگێڕیی یانەکە و پێی وایە خراپی چیمەنەکە هۆکارێکی سەرەکییە کە نەتوانن ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشکێشبکەن.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ریال مەدرید هەرچی زووە وەڵامی داواکارییەکەی بنزیما و یاریزانەکانی دیکەی یانەکەیان دەداتەوە و دوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا راستەوخۆ چیمەنی یاریگەکە دەگۆڕدرێت و بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئێلچی ئامادەدەبێت.
 
بەپێی میدیای ئیسپانیا، هۆکاری خراپبوونی چیمەنی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی ریال مەدرید بوونی ڤایرۆسێکە کە لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەرەپێدانی یاریگەدا لەنێو چیمەنەکەدا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دروستبوونی تۆز لە یاریگەکەدا، ئەمەش یاریزانەکان تووشی هەستیاری دەکات.
 
ریال مەدرید لە بارودۆخێکی باشدا نییە، ئێستا لە ریزبەندی لالیگادا لە پلەی دووەمی ریزبەندە و بە جیاوازیی هەشت خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنایە و ئەمشەو بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یارییدەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 23:00 لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.