تایبەت بە رووداو.. ئاسۆ رۆستەم دەبێتە گرانترین یاریزانی کورد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری یانەی سالمیەی کوێتی پەیوەندیی بە یانەی شورتەی عێراقییەوە کرد، تۆڕی میدیایی رووداو وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی ئاشکرا دەکات.
 
درەنگانی شەوی چوارشەممە، 1-2-2023 یانەی شورتەی عێراقی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئاسۆ رۆستەم، هێرشبەری کوردی هەڵبژاردەی عێراق و پێشووی یانەی سالمیەی کوێتیی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
 
تۆڕی میدیایی رووداو زانیویەتی، گرێبەستی هێرشبەرە کوردەکە لەگەڵ پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی عێراق، تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق دەبێت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ساڵێکی دیکە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە بەندێکی گرێبەستی نێوان یاریزانەکە و یانەکەدا هاتووە، ئەگەر لە دەرەوەی عێراق یانەیەک داوای گواستنەوەی ئاسۆ رۆستەم بکات، ئەوا یاریزانەکە دەتوانێت یانەی شورتە بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئاسۆ رۆستەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " گرێبەستی ئاسۆ لەگەڵ یانەی شورتە بەرامبەر 225 ملیۆن دینار واژۆکراوە."، بەمەش ئاسۆ رۆستەم دەبێتە گرانترین یاریزان لەسەر ئاستی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کرابێت.
 
لەگەڵ ئەوەی کارەکانی گواستنەوەی ئاسۆ و یانەی شورتە تەواوبوون، بەڵام چەند رێکارێکی یاسایی ماون، کە پێویستە یاریزانەکە تەواویان بکات، چونکە بەر لە تەواوکردنی کارە یاساییەکان، ئاسۆ رۆستەم بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بەدرێسی یانەی شورتەوە یاریی بکات.
 
ئاسۆ رۆستەم، لە جامی کەنداودا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و رۆڵی لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەدا هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی پاڵەوانێتییەکە کۆتاییهات، بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن یانەی سالمیەی کوێتییەوە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە.
 
پێشتر ئاسۆ رۆستەم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، چەند یانەیەک لەسەر ئاستی خولە جیاوازەکانی کەنداو و عێراق داوای گواستنەوەیان کردووە، بەڵام دواجار ئەو یانەی شورتەی هەڵبژارد.
 
یانەی شورتە لەم وەرزەی خولی عێراقدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین، بۆیەش دەیەوێت بە گواستنەوەی هێرشبەرە کوردەکە هێڵی پێشەوەی بەهێزتربکات بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی بکات.