پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا یەکلاییکرایەوە


رووداو - هەولێر

رۆبێرتۆ فابریسینی، بەشێوەیەکی کاتی وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەستنیشانکرا، بۆ جێگرتنەوەی کارلۆ تافیکیۆ کە دوای شکستهێنانی ئیتاڵیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018 دەستیلەکارکێشایەوە.

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دوای چوار دانیشت و دەنگدان نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی تافیکیۆ بەشێوەیەکی کاتی پۆستەکە درایە دەست فابریسینی و هەریەکە لە ئەلیساندرۆ کۆستاکورتا، یاریزانی پێشوو و ئانجیلۆ کلاریزیای پارێزەر لە دەستەی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە هاوکاری فابریسینی دەکەن.



بەپێی بڕیاریی فیدراسیۆنەکە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەو دەستەیە نوێیە 6 مانگ دەبێت، لەکاتێکدا نەک هەر فیدراسیۆنی تۆپی پێ بەڵکو هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش بەبێ راهێنەر ماوەتەوە.