رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی تۆپی پێ لە پشووی کریسمسدا وەستان، ئەوەش کات و دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەنجامدانی بەدواداچوونێک بۆ کاریگەری یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی VAR لەم وەرزەدا لە لالیگادا بکەین، بۆ ئەوەی بزانین کام یانەی ئەم خولە زیاتر سوودمەندبووە لەدەست بڕیارەکانی ڤار و کامیان زیاتر زیانی پێگەیشتووە؟ بەتایبەتیش هەردوو رکابەر بارسێلۆنا و ریال مەدرید، کە هەمیشە هاندەرانیان یانەکانی یەکدی بەو تۆمەتبار دەکەن کە لەلایەن ڤارەوە یارمەتی دەدرێت.
بەپێی ئامارەکانی رۆژنامەی ASـی ئیسپانی، سەرەڕای ئەوەی خولەکە هێشتا نەگەیشتووەتە نیوەی رێگای خۆی (یەک گەڕ ماوە بۆ تەواوکردنی قۆناخی یەکەم)، لەگەڵ ئەوەشدا 83 دەستێوەردانی VAR لەم وەرزەدا تۆمارکراوە.
زۆرترین دەستێوەردان لە حاڵەتەکانی لێدانی سزا بووە (38 جار)، دواتر گۆڵەکان (30 جار)، پاشان کارتی سوور (15 جار).
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڤار لەسەر یانەکان، هەمەچەشنە، بەڵام ئەو تیپەی کە زۆرترین ژمارەی دەستێوەردانی ڤار لە یارییەکانیدا بەخۆیەوە بینیوە، دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسە (14 جار)، هەروەها زۆرترین زیانیشی بەهەمان یانە گەیاندووە بەهۆی راستکردنەوەی بڕیارەکانەوە (9 جار).
کێ زۆرترین سوود لە VAR وەرگرتووە؟
بارسێلۆنا لەم قۆناخەی وەرزدا کە زۆرترین دەستێوەردانەکانی ڤار لە بەرژەوەندی خۆی بووە (8 جار).
لە کۆی هەشت دەستێوەردان کە لە بەرژەوەندی ئەوبوون، پێنج گۆڵ بۆ رکابەرەکانی هەڵوەشاوەتەوە.
لە ریزبەندیی ئەو تیپانەی کە زۆرترین سوودیان لە ڤار وەرگرتووە لەدوای بارسێلۆنا، ڤیاریال بە 7 جار لە پلەی دووەمدایە، ئاتلێتیک بیلباو بە 6 جار لە پلەی سێیەم دێت.
ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە خوارەوەی ئەم لیستەدان و هەریەکەیان تەنیا سێ جار سوودیان لە دەستێوەردانی ڤار وەرگرتووە، ئەمەش کەمترە لە نیوەی ئەو دەستێوەردانانەی بارسێلۆنا سوودی لێوەرگرتوون.
لەلایەکی دیکەوە لیگانێس تاکە تیپە لە لالیگادا کە سوودی لە هیچ دەستێوەردانێکی VAR وەرنەگرتووە.
کێ زۆرترین زیانی لە ڤارەوە پێگەیشتووە؟
سەبارەت بەو تیپانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڤارەوە، دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لە پێشەنگی لیستەکەدایە و 9 دەستێوەردان لەدژی ئەنجامدراون، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی چوار گۆڵە، هەروەها بەخشینی سێ لێدانی سزا بە رکابەرەکانیان.
ڤیاریال (7 جار) و مایۆرکا (6 جار) سێ یەکەمی ریزبەندییەکە تەواو دەکەن کە زۆرترین کاریگەری ئەم تەکنەلۆژیایەیان لەسەر بووە.
سەبارەت بە تیپە گەورەکان، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پێنج بۆنەدا هەریەکەیان زیانیان بەرکەوتووە، لەکاتێکدا ریال مەدرید تەنیا سێ جار زیانی پێگەیشتووە.
ڤالێنسیا ئەو تیپەیە کە کەمترین کاریگەری ڤاری لەسەر هەبووە، بەو پێیەی تەنیا یەک جار ڤار گۆڵێکی لە دژی هەژمارکردووە.
سەبارەت بە لێدانی سزا کە زۆرترین پێداچوونەوەی بۆ کراوە لەلایەن ڤارەوە، ئەو تیپەی زۆرترین لێدانی سزای بە یارمەتی ڤارەوە بەدەستهێناوە ئاتلێتیک بیلباوە (4 جار)، لە دوای ئەویش ئۆساسونا (3 جار).
هەشت تیپ هەن کە دوای گەڕانەوە بۆ ڤار هیچ لێدانی سزایان وەرنەگرتووە: ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئیسپانیۆل، سێلتاڤیگۆ، دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، لیگانێس، رایۆ ڤاییکانۆ، لاس پاڵماس، سێڤییا.
سەبارەت بەو گۆڵانەی ڤار بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتیکردوونەتەوە، سێلتاڤیگۆ و ئالاڤێس زۆرترین کاریگەرییان لەسەربووە بە 4 گۆڵ، لە دوای ئەویش ئاتلێتیکۆ مەدرید و ڤیاریال دێن، کە هەریەکەیان 3 گۆڵیان لێ رەتکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ