رووداو هەولێر
لە گەڕی دوازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، سبەی هەینی کاژێر 19:30ـی شەو لە یاریگای شەعبی بەغدا یاریی کلاسیکۆی عێراق لەنێوان یانەی جەوییە و یانەی زەورا بەڕێوەدەچێت.
جەوییە لە دەستپێکی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئاستێکی باشی پێشکەش نەکرد، دوای گۆڕینی راهێنەر و هێنانی لوئەی سەڵاحی راهێنەر، تیپەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، کە لە پێنج یاری رابردوویدا بردنەوەی تۆمارکردووە، ئێستا تیپەکە بەکۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندییە.
لە یاریی کلاسیکۆی عێراق هەریەک لە لوئەی سەڵاحی راهێنەر لەگەڵ حەموود مەشعانی یاریزان بەهۆی وەرگرتنی کارتی رەنگاو رەنگ ناتوانن یاری بکەن، رەسڵان حەنوونی یاریزانی باڵ و محەممەد قاسمی هێرشبەر بەهۆی پێکان دوورن لە هەڵۆکانی بەغدا.
بەبڕیاری راهێنەر ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 14:30 جەوییە دوایین یەکەی راهێنان و ئامادەکاری بەشێوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجام دەدات.
هەڵگورد مەلا محەممەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی جەوییە، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە تیپەکەمان لەسەر رێچکەی راستەقینەی خۆیەتی و درێژە دەدەین بە سەرکەوتنەکان، یاریزانانمان لەنێو کەش و هەوایەکی ئارام دان و بیر لەوە ناکەینەوە کە یاریی کلاسیکۆی عێراقە و گوشار لەسەر خۆمان دروست بکەین، بەڵکو وەک هەر یارییەکی دیکەی خولەکە دەچینە نێو یاری و بۆ بردنەوە یاری دەکەین".
یانەی زەورا ناوە گەورەکەی تۆپی پێی عێراق، شوێنی لەدایکبوون و دەرکەوتنی ئەستێرە گەورەکانی وەک ئەحمەد رازی، ساحب عەباس، عیماد محەممەد، لەیس حوسێن، حەیدەر مەحموود و فەلاح حەسەن لەگەڵ دەیان ئەستێرەی مێژووی کە هەموو کات تۆپی پێی عێراق شانازییان پێوە دەکەن.
وەرزی ئەمساڵ یانەی زەورا لەنێو گێژاوی کێشەی بەردەوامی کارگێڕی بوو، لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق گۆڕانکاری لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەکە کرد و دەستەیەکی کاتی کاروباری یانەکە بەڕێوەدەبەن، تیپەکە بەکۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییە، لە دوایین چوار یاریدا سێ یەکسانبوون و بردنەوەیەکی هەبووە.
لە مێژووی خولی عێراقدا 86 یاریی کلاسیکۆ لەنێوان یانەی زەورا و یانەی جەوییە بەڕێوەچووە، زەورا 30 یاری بردووەتەوە و 110 جار تۆڕی گۆڵی رکابەرەکەی هەژاندووە، جەوییە 27 بردنەوەی هەیە و 98 گۆڵی تۆمارکردووە، و لە 29 یاریشدا هەر دوو یانە یەکسانبوونە. گەورەترین ئەنجامی یانەی زەورا لە یاریی کلاسیکۆی عێراقدا بەدەستیهێنابێت لە 1986 بوو کاتێک بەئەنجامی حەوت گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
لە ریزی یانەی زەورادا، ئیبراهیم غازی ئەستێرەی کورد، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، لە ریزەکانی جەوییەش هەریەک لە عەلی شاخەوان، محەممەد سامی و هیران ئەحمەد سێ ئەستێرەی کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ