هەواڵێکی خۆش بۆ بارسێلۆنا بەڕێوەیە

02-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئۆڵمۆ پاو ڤیکتۆر خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنا نزیکە لەوەی کێشەی تایبەت بە تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆڵمۆی یاریزانەکەی چارەسەر بکات.
 
بارسێلۆنا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا دانی ئۆڵمۆی بەنزیکەی 55 ملیۆن یۆرۆ (57.22 ملیۆن دۆلار) لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە گواستەوە ریزەکانی، بەڵام بەهۆی نەتوانینی یانەکە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی یاسای دارایی یاریی خاوێن، یاریزانە هێرشبەرەکە تەنیا بۆ نیوەی یەکەمی ئەم وەرزە ناوی تۆمارکرا.
 
یانەکە سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی دانی ئۆڵمۆ دوای پێکانە درێژخایەنەکەی تێرشتیگنی گۆڵپارێز و ئاندریاس کریستینسنی بەرگریکار، کە ئەو پێکانانە وایانکرد بارسا بتوانێت لەجیاتی ئەوان ناوی دانی ئۆڵمۆی تەمەن 26 ساڵ و پاو ڤیکتۆری تەمەن 23 ساڵ تۆماربکات.
 
هەوڵەکان بۆ ناو تۆمارکردنەوەی ئۆڵمۆ رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ بووەوە، چونکە خولی ئیسپانی و چەندین دەسەڵاتی دادوەری داواکارییەکانی بارسێلۆنایان بۆ ئەو مەبەستە رەتکردەوە.
 
وادەی کۆتایی قەیرانەکە
 
میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە بارسێلۆنا پلانی هەیە فرۆشتنی کورسییەکانی ڤی ئای پی لە یاریگای کامپ نوی نوێ بقۆزێتەوە، کە ئەگەری هەیە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ بهێنێت، بەڵام پێویستی بە رەزامەندیی خولی ئیسپانی دەبێت.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی داواکارییەکی نوێدا کە پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کراوە بۆ تۆمارکردنی دوو یاریزانی تیپەکە، دانی ئۆڵمۆ و پاو ڤیکتۆر، کارگێڕیی بارسا هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانی پێشکەش بە فیدراسیۆنەکە کردووە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کارگێڕیی یانەکە پێیوایە بەڵگەنامەی پێویستی پێشکەش کردووە، بەڵام بەربەستی کارگێڕیی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی یانەکە بابەتەکەی دواخستووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەرئەوەی بەڵگەنامەکان پێش وادەی دیاریکراو پێشکەش کراون، دەبێت لالیگا تۆمارکردنیان قبوڵ بکات.
 
لە کۆتاییدا دەڵێت "یانەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئۆڵمۆ و پاو سبەی هەینی ناویان تۆماردەکرێت".
 
ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە کە مەحاڵە ناوی ئۆڵمۆ بۆ نیوەی دووەمی ئەم وەرزە تۆماربکرێت، ئەوا یاریزانەکە ئازاد دەبێت و بارسا دەبێت تەواوی بەهای گرێبەستەکەی بدات، کە تاوەکو هاوینی 2030ـە، واتا بارسێلۆنا دەبێت نزیکەی 48 ملیۆن یۆرۆ بدات بەو یاریزانە.
 
جگە لەوەش، بارسا هێشتا ئەو 55 ملیۆن یۆرۆیەی بەتەواوی نەداوەتە لایپزیگ، کە ئۆڵمۆیان پێ کڕیوە، و یانە کەتەلۆنییەکە لە وەرزەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە پێدانی تەنانەت ئەگەر ئۆڵمۆ چیدی یاریش بۆ بارسا نەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە