ڤیدیۆ؛ سعودیە دەستی بە مەشقەکانی بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا کرد

02-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
رۆبێرتۆ مانچینی
رۆبێرتۆ مانچینی
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی هەڵبژاردەی سعودیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی سعودیە، ئامادەکارییەکانی بۆ جامی ئاسیا دەستپێکردووە و لە قەتەر خۆی بۆ پاڵەوانێتییەکە ئامادەدەکات.
 
دوای راگەیاندنی لیستی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی سعودیە، راستەوخۆ هەڵبژاردەکە چووە قەتەر و لەژێر سەرپەرشتی رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵی خۆی بۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئامادەدەکات.
 
هەڵبژاردەی سعودیە، بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە سێ یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات، بە ئامانجی دروستکردنی هاوئاهەنگییەکی باشتر لەنێو یاریزانەکاندا و گەیشتن بە پێکهاتەیەکی باش بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
یەکەم یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەکە رۆژی چواری ئەم مانگە بەرامبەر هەڵبژاردەی لوبنان دەبێت، دوای ئەوە لە 9ـی مانگ رووبەڕووی فەڵەستین دەبێتەوە و رۆژێک دواتریش دوایین یاریی دۆستانەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ ئەنجامدەدات.
سعودیە لە جامی ئاسیادا کە رکابەرییەکانی لە قەتەر بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی شەشەمدا یاریی دەکات، یەکەم یاریی هەڵبژاردەکە رۆژی 16ـی ئەم مانگە بەرامبەر عومان دەبێت، دوای ئەوە لە رۆژی 21ـی مانگ بەرامبەر قیرغزستان یاریی دەکات و دوایین یارییشی بەرامبەر هەڵبژاردەی تایلاندە لە رۆژی 25ـی ئەم مانگە.
 
سعودیە لە 1996ـەوە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستنەهێناوە، لەکاتێکدا خاوەنی 3 نازناوە و دەیەوێت ئەمجارە دوای 28 ساڵ جارێکی دیکە جامی ئاسیا بەدەستبهێنێتەوە و ژمارەی نازناوەکانی لەگەڵ ژاپۆنی خاوەنی زۆرترین نازناو یەکسانبکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە