وادەی گەڕانەوەی تێرشتیگن ئاشکرابوو

02-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تێرشتیگن پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بەدەست پێکانی ژمارەیەکی زۆر یاریزانەوە دەناڵێنێت، لە سەرووشیانەوە مارک ئاندرێ تێرشتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی، پێدری گۆنزالێز، ئینیگۆ مارتینێز، جگە لە گاڤی، یاریزانی کاریگەری یانەکە لە هێڵی ناوەڕاست.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، زانیارییەکی نوێی سەبارەت بە وادەی گەڕانەوەی مارک تێرشتیگن ئاشکراکرد، دوای ئەوەی نزیک بووەوە لە چاکبوونەوە لە پێکانەکەی.
 
گۆڵپارێزە نێودەوڵەتییە ئەڵمانییەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا تووشی پێکان لە پشتی بوو و لەو کاتەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە، کە ئامادەنەبوونی ئەو گۆڵپارێزە وایکردووە بارسێلۆنا متمانەی بە ئیناکی پێنا بکات.
 
هەرچەندە گۆڵپارێزە لاوە ئیسپانییەکە بە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز هەمووانی سەرسام کردووە، بەڵام هاندەرانی بارسێلۆنا تامەزرۆی گەڕانەوەی تێرشتیگنن بۆ یاریکردن.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بارسێلۆنا هیوادارە لە مانگی شوباتدا تێرشتیگن لە پێکان بگەڕێتەوە.
 
هەروەها بارسێلۆنا دەیەوێت تێرشتیگن بەشێوەیەکی نموونەیی بگەڕێتەوە یاریگەکان و بەتەواوی بۆ یارییە گرنگەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ناپۆلی ئامادە بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە