پێرێز ئارامی نەماوە لە دایکی ئێمباپێ

رووداو دیجیتاڵ

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، پێشهاتی نوێیان لەسەر دانوستاندنەکانی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان ئاشکرا کرد.
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییهاتووە و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە یاری بۆ یانەی پاریسی دەکات، و ئەو مافی ئەوەی هەیە لە ئێستاوە گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە بیەوێت بۆی بچێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دانوستاندنەکانی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و فایزا ئەلعەماری، دایک و بەڕێوەبەری کارەکانی ئێمباپێ، بە باشی بەڕێوەناچێت.
 
روونیشیانکردووەتەوە، جیاوازییەکی گەورە لە تێڕوانینەکانی نێوان پێرێز و ئێمباپێ هەیە، تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
 
هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە دۆخی دانوستاندنەکان باش نییە و پێرێز خەریکە ئارامی لەو خانمە نامێنێت، بەڵام خۆسێ ئانخێل سانچێز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ریال مەدرید دەستوەردانی کردووە بەمەبەستی رزگارکردنی گرێبەستەکە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، پەیوەندییەکی باش لە نێوان فەیزە ئەلعەماری و سانچێزدا هەیە، هەروەها لێکتێگەیشتنێکی گەورەی بۆچوونەکان هەیە، بەپێچەوانەی ئەوەی لەنێوان پێرێز و فایزەدا روودەدات.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، دووپاتیانکردووەتەوە کە بڕیارە سانچێز دۆسیەی تەواوکردنی گرێبەستەکەی ئێمباپێ وەربگرێت، لەبری فلۆرێنتینۆ پێرێز.