سەرهەنگ موحسین لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک بۆ هەوادارانی دەنێرێت

تایبەت بە رووداو

سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی کوردی یانەی ئەمانە بەغدا، سەبارەت بە رەوشی یانەکەیان لە خولی نایابی عێراقدا، ڤیدیۆیەکی بەتایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە و تێیدا دووپاتدەکاتەوە کە خۆی و یانەکەی ئامادەن بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتوودا درێژە بە ئاستە بەرزەکەیان بدەن.

ئەم پەیامەی سەرهەنگ موحسین بەر لە یارییەکەیان لە گەڕی 12ـی خولی نایابی عێراق تۆمارکراوە، کە تێیدا رووبەڕووی یانەی زاخۆ دەبێتەوە.

گۆڵپارێزە کوردەکە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە هیچ یاریزانێکیان تووشی پێکان نەبووە و بەرامبەر زاخۆ دەتوانن بە پێکهاتەیەکی بەهێزەوە یارییەکەیان ئەنجام بدەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاپتنە کوردەکەی یانەی ئەمانەی بەغدا، دەڵێت "هیوادارین درێژە بە ئەنجامە باشەکانمان بدەین، کە بەمدواییە ئەنجامەکانمان زۆر دڵخۆشکەر بوون".

سەرهەنگ موحسین، هەروەها دەشڵێت "بە پێویستی دەزانم لە رێگەی رووداوەوە سوپاسی شەقامی وەرزشی و هەموو ئەو خەڵکە بکەم کە پاڵپشتیم دەکەن، لە خوای باڵادەست دەخوازم کە هەمیشە جێگەی متمانەیان بم".