کۆتینیۆ کێشەی خستە نێوان لیڤەرپوول و نایکی وبارسێلۆنا

رووداو – هەولێر

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی گواستنەوەی کۆتینیۆ بۆ بارسێلۆنا لە لایەن کۆمپانیای نایکی سپۆنسەری جل و بەرگی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی، لیڤەرپوول سكاڵای لەسەر کۆمپانیایەکە تۆمارکرد و داوای قەرەبووی لێدەکات.

یانەی لیڤەرپوول لە پەڕەی تایبەتی خۆی نیگەرانی خۆی لە هەواڵەکەی کۆمپانیای نایکی دەربڕی و رایگەیاند، کۆمپانیایەکە بەهەڵە قسەکانی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەکەی گواستووەتەوە سەبارەت بە گواستنەوەی کۆتینیۆ بۆ بارسێلۆنا و داوای قەرەبوویەکی زۆری لێدەکات، دواتر کۆمپانیای نایکی هەواڵەکەی سڕیەوە.

لای خۆیانەوە هەریەکە لە فلیپ کۆتینیۆ و یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی داوای لێبووردنیان لە یانەی لیڤەرپوول کرد، بەڵام کۆمپانیای نایکی هێشتا هیچ روونکردنەوەیەکەی لەو بارەیەوە نەداوە.