رۆناڵدۆ خێروبێری بەسەر نەسڕدا باراندووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی دارایی ئاشکرایکردووە، یانەی نەسڕی سعودی، کۆی داهاتەکانی لە سپۆنسەریی کۆمپانیاکان، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە بەشی زۆری بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی یانەکەوە بووە.
 
کۆمپانیای 'گڵۆبەڵ داتا' کە کۆمپانیایەکی بەناوبانگی داتا و شرۆڤەی داراییە، لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرایکردووە، داهاتەکانی یانەی نەسڕ لە گرێبەستی سپۆنسەرەکانی گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و ئەو یانەیە لە وەرزی 2024 - 2025 کۆی 110 ملیۆن دۆلار لە وەرزەکەدا تەنیا لە سپۆنسەرەکانی وەردەگرێت.
 
یانەی نەسڕ، بەیەکێک لە هێزە ئابوورییە گەورەکانی خولی رۆشنی سعودی دادەنرێت، ئەگەرچی یانەکە تەنیا دە سپۆنسەری هەیە، بەڵام سپۆنسەرەکان گەورەن و کاریگەرییان زۆرە.
 
کۆمپانیای 'کەی ئی ئێف دی' کە کۆمپانیایەکی سعودی دارایی و بیناسازیی سعودیە و سەربە سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، بەپێی گرێبەستەکەی کۆی 32 ملیۆن دۆلار دەداتە یانەی نەسڕ. 
 
ئەو بڕە پارەیەی نەسڕ لەو کۆمپانیایەی وەردەگرێت، بەرزترینی نێو سپۆنسەرەکانی خولی سعودییە.
 
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر چوونی سپۆنسەرەکان بۆ یانەکە و خولی سعودیەش هەبووە. وەک راپۆرتەکە دەڵێ، "هاتنی رۆناڵدۆ کودێتای بازاڕگەریی گەورەی دروستکرد و سەرنجی سەرجەم براندە جیهانییەکانی گواستەوە بۆ سعودیە".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، مووچەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ 220 ملیۆن دۆلارە، ئەمە جیا لە داهاتی دیکەی وەک سپۆنسەر و رێکلام کە داهاتەکەی دەکاتە 65 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.
 
گۆڤاری 'فۆربس' ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم یاریزانی نێو یارییە بەکۆمەڵەکانە، داهاتەکەی ملیارێک دۆلار تێدەپەڕێنێت. لە کاتێکدا گرێبەستێکی تاهەتایی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی هەیە و ئەوەش وایکردووە ئەو یاریزانە بازی گەورەی دارایی بەو یانانە بدات کە یارییان بۆ دەکات.
 
بەشێوەیەکی گشتی، گڵۆبەڵ داتا، لە توێژینەوەکەیدا بەناوی 'کارەکانی خولی سعودیە 2024 - 2025'، پێشبینیکراوە خولی سعودیە داهاتی رێکلامی بگاتە 80.01 ملیۆن دۆلار لە وەرزەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە