رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی سەرەتایەکی باشی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا لەگەڵ فلیک هەبوو، لە سێ یاریی رابردوودا گەڕانەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و ئەنجامە خراپەکانی یانەکە بووەتە جێگەی نیگەرانییەکی زۆری هاندەران.
بارسێلۆنا، لە دوایین سێ یاریی لالیگادا، هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، رۆژی شەممە بۆ یەکەمجار لە دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر لاس پاڵماس دۆڕا و سێ خاڵی دیکەی لە خولەکەدا لەدەستدا.
دۆڕانی بلاوگرانا و ئەنجامە خراپەکانی یانەکە، پرسیاری زۆری لای هاندەران و هەوادارانی یانەکە دروستکردووە و هەریەکە و شتێک بە هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی یانەکە دەزانێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی بارسا بەرەو دواوە، پێکانی لامین یامالە، کە لە یاریی بەرامبەر لاس پاڵماس گەڕایەوە و بەشێوەی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا کرد.
لەم وەرزەدا بارسێلۆنا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، کاتێک لامین بەشێوەی سەرەکی یاری نەکردبێت، ئەمەش هاندەرانی یانەکە هاندەدات کە بڵێن لامین هۆکارێکی سەرەکی خراپی یانەکەیە.
لە گەڕی 13 و 14ـی لالیگادا، بەهۆی پێکانەوە لامین یاریی نەکرد، یەکێک لە یارییەکان بارسێلۆنا بەرامبەر ریال سۆسیداد دۆڕا و ئەوەی دیکەشیان بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ یەکسانبوو.
بەرامبەر لاس پاڵماس، بەهەمان شێوە لامین بەشێوەی سەرەکی یاری نەکرد و یانەکە جارێکی دیکە دۆڕا و بەرامبەر لاس پاڵماس لەنێو یاریگەی خۆی سێ خاڵی لەدەستدا.
لامین یامال لەم وەرزەدا لە لالیگادا 13 یارییکردووە، 5 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 ئاسیستی کردووە.
دوای لەدەستدانی ئەم سێ خاڵە، یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا زۆر تووڕە بوون و هیچ یەکێکیان ئامادەنەبوون قسە بۆ میدیاکان بکەن.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، لە دوای یارییەکە گوتی "ئێمە لە رۆژی خۆماندا نەبووین، نەمانتوانی ئەو ئاستە پێشکێش بکەین کە لێمان چاوەڕواندەکرا، دەبووایە باشتر دەربکەوین، هەرچەند لە نیوەی دووەمدا چەند هەلێکمان دروستکرد، بەڵام سوودمان لە هەلەکان وەرنەگرت."
بارسێلۆنا هێشتا پێشەنگی ریزبەندی لالیگای گرتووە و 34 خاڵی هەیە، ئەگەر ئەمڕۆ ریال مەدرید لە خێتافی بباتەوە، جیاوازییەکەیان دەبێتە تەنیا 1 خاڵ و ریال مەدرید یارییەکی دواخراوی دەمێنێت، ئەگەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە و ریال یارییەکەی بباتەوە، ئەوا لۆس بلانکۆس بەجیاوازیی 2 خاڵ پێش بارسا دەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ