رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمان و لویس ئینریکێی راهێنەری یانەکە، رووبەڕووی رەخنەی تووندی میدیاکانی فەرەنسا بوونەتەوە، پاشئەوەی لە مانگی رابردوودا هەموو شتێک لە یانەکە، بەئاراستەی خراپ هەنگاوی نا.
دوایین ئەنجامی خراپی یانە پاریسییەکە، یەکسانبوون بوو بەرامبەر نانت لە نێو یاریگەی خۆیدا لە گەڕی 13ی لیگ ئا بەگۆڵێک. ئەم یەکسانبوونە ئینریکێ و یانەکەی رووبەڕووی کێشەی زۆر و هێرشی میدیاکان کردەوە.
ئەگەرچی لە پاش یەکسانبوونەکە، سانجێرمان بە 33 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە مایەوە، بەڵام زنجیرەی پێنج بردنەوەی بەسەریەکەوەی یانەکە راوەستا، هەروەها ئەنجامەکە هەلی دایە مۆناکۆ و مارسیلیای رکابەرانی، بۆ ئەوەی زیاتر لێی نزیک ببنەوە.
مۆناکۆ خاوەنی 26 خاڵە و مارسیلیا خاوەنی 23 خاڵە.
نووچدانەکانی ئینریکێ و یانەکەی لە مانگی رابردوودا کە شەش یاریی ئەنجامدا زۆربوون، تیپەکە بەزەحمەت بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە لانسی بردەوە، پاشان بەسەر ئانژێدا سەرکەوت 4 - 2 گۆڵ و لە توڵۆزی بردەوە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
ئەوەی گوشارەکانی سەر ئینریکێی گەورەکرد و لوولەی رەخنەی میدیاکانی بەئاراستەی ئەو راهێنەرە و تیپەکەی سووڕاند، شکست بوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە نێو یاریگەی خۆیان بە ئەنجامی 2 - 1 گۆڵ. ئازارەکە تووندتربوو، کاتێک لە سەردانی ئالیانز ئارێناشدا تیپەکە بەهەمان شێوە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.
سانجێرمان ئێستا لە ریزبەندی گشتیی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، لە پلەی 26ی پاڵەوانێتییەکەیە. هەڕەشەی چوونە دەرەوەی زووی لەسەرە. تەنانەت پێویستی بە پەرجوویەک هەیە بۆ گەیشتن بەقۆناخی داهاتوو، بە بردنەوەی هەر سێ یاریی داهاتووی خۆی لە سالزبۆرگی نەمساوی، شتوتگارتی ئەڵمانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی.
سەرهەڵدانەوەی پرسیارەکە
ئەنجامە خراپەکانی سانجێرمان، سەریان کێشا بۆ وروژاندنەوەی بابەتێکی کۆنی نوێ، بابەتی پڕۆژە بەردەوام شکستخواردووەکەی سانجێرمان و هەوڵە سەرنەگرتووەکانی یانەکە بۆ درەوشانەوە لەسەرئاستی ئەورووپا.
ئەنجامەکان، جارێکی دیکە پرسیاری ئەوەیان هێنایەوە ئاراوە، پڕۆژەکەی سانجێرمان تا چەند پتەو و خۆگرتووە و توانای رکابەریی هەیە، لە کاتێکدا بەبێ ئەستێرەیەکی گۆڵکەری وەک کیلیان ئێمباپێ هەنگاو دەنێت.
لە نێو ئەو گێژاوەدا کە پاریس سانجێرمان پێیدا گوزەر دەکات، هەمووان رووی دەم و پرسیاریان لە ئینریکێیە، کەچی ئەو راهێنەرە سوورە لەسەر بێباکییەکانی خۆی و دووپاتیکردەوە ئەو رۆژنامەکان ناخوێنێتەوە و بایەخ بەوە نادات، ئەوان چی لەسەر تیپەکەی دەنووسن.
ئینریکێ دووپاتیکردووەتەوە، "ئەنجامەکان کاریگەریی لەسەر یاریزانەکان دروست دەکەن، بەڵام من بەهیچ شێوەیەک پێیان کاریگەر نابم، بەپێی بۆچوون و بیرکردنەوەی رۆژنامەنووسانیش کارناکەم، چونکە من بەرپرسی یەکەمم و هەموو گیانم، متمانە و گەشبینییە".
لەنێو ئەو پەیامە تووندانەدا کە راهێنەرە ئیسپانییەکە دەینێرێت، دووپاتکردنەوەی رۆژنامەکانی فەرەنسا بەو ئاراستەیەیە کە چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، نەک هەر لویس ئینریکێ لە پۆستەکەی دوورناخاتەوە، بەڵکو کارگێڕیی یانەکە بیر لەوە دەکاتەوە تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی ئەو راهێنەرە نوێبکاتەوە.
بەپێچەوانەی تەنگژەی ئەنجامەکان و ئاست و دۆخی خراپەوە، فەلسەفەی ئینریکێ ژمارەیەک پرسیاری دروستکردووە،
ئەو راهێنەرە پێناچێ لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا ئارامییەکی باشی دەستبەرکردبێت، هەر بۆیە ئەنجامەکان بەو شێوەیە نین کە هەمووان دەیخوان لە یانە پاریسییەکە.
ئینریکێ لە ماوەی رابردوودا دووجار دۆنارۆمای لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەی دوورخستووەتەوە و ئەوەش رووداوێکە مانای زۆر هەڵدەگرێت، لە کاتێکدا پێشتر چەندینجار بەئاشکرا رەخنەی لە ئاستی ئەو گۆڵپارێزە گرتووە.
جیا لە دۆنارۆما، دابەزینی ئاستی هەریەکە لە برادلی بارکۆلا و عوسمان دێمبلی و چوونە دەرەوە کۆلۆ موانێ لە پلانەکانی ئینریکێ، پرسیاری زۆری لەبارەی داهاتووی تیپەکەوە دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ