لووتکەی پرێمەرلیگ هەڕەشە لە خەونەکانی لیڤەرپوول دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ لووتکەی هەفتە یانەی مانچێستەر سیتی یانەی لیڤەرپوول
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نێو ئاست و دۆخێکی باش و نموونەییدا، لیڤەرپوول کە هەشت خاڵ لە نزیکترین رکابەرەکانییەوە دوورە، میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات کە ئەمڕۆژانە دۆخێکی پڕ لە پشێوی و نادڵنیایی هەیە.
 
لیڤەرپوول، ئەگەرچی وەرزەکەی لەگەڵ راهێنەرێکی نوێدا لەنێو کۆمەڵێک گومانی زۆردا دەستپێکرد، بەڵام توانی ئاست و توانایەکی نوێ پێشان بدات و لە وەرزەکانی پێشوو زۆر بەهێزتر دەربکەوێت.
 
ئەو دۆخە نموونەییەی ئێستا لیڤەرپوول تێیدا دەژی، خەونی گەورەی لای هاندەرانی یانەکە دروستکردووە، بەسەرلەنوێ بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگ، بەڵام خەونەکە ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدا دەبێت.
 
لیڤەرپوول لە ئانفێڵد کاژێر 19:00 میوانداریی مانچێستەر سیتی دەکات.
 
لیڤەرپوول، لە دوانزە یاریی رابردوویدا لە پرێمەرلیگ، تەنیا یەکجار شکستی هێناوە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە لە ناوەڕاستی هەفتەدا گرێکوێرەی چەند ساڵی رابردووی بەرامبەر ریال مەدرید کردەوە و ئەوەش ورەیەکی زۆر بەرزتری بە تیپەکە داوە، بەڵام وەک راهێنەرەکەی دەڵێ، هەرگیز رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، کارێکی ئاسان نییە.
 
ئارنی سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "پێموانییە لە هەشت نۆ ساڵی رابردوودا، تەنانەت دوورتریش لەوە، کەس توانیبێتی بڵێ سیتی لە نێو یاریگەی خۆی یان دەرەوەی لاوازە. من هەرگیز لەبیرکردنەوە لە یارییکردن بەرامبەر سیتی، وشەی ئاسانم بەمێشکدا نایەت...... ئەوان هێشتا تێپێکی زۆر باشن. یەکێکیش لەو هۆکارانەی وام لێدەکەن بڵێم گواردیۆلا یەکێکە لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان، ئەوەیە کە هەموو کات چارەسەر بۆ کێشەکان دەدۆزێتەوە". 
 
مانچێستەر سیتی، ئەگەرچی هێشتا لە پلەی دووەمی ریزبەندی گشتیی پرێمەرلیگە، بەڵام ئەوەی تیپەکە پێیدا تێدەپەڕێت، لە هەفتەکانی رابردوودا بووەتە مانشێتی گەرمی رۆژنامەکان و هەمووان باس لە داڕووخانی ئەو یانەیە دەکەن، کە ساڵانێکی زۆرە نازناوەکانی کۆنترۆڵکردووە.
 
سیتی بەدۆخێکی پڕ لە گومان و دوای سێ شکستی لەسەریەک لە پرێمەرلیگ، روو لە ئانفێڵد دەکات. یاریگەیەک کە هەموو کات مایەی ترسبووە بۆ رکابەرەکانی لیڤەرپوول. بەتایبەت کە ئەمساڵ تیپەکە لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیدا پێشانیداوە هەڵگری دی ئێن ئەی سەرکەوتنە، بەچاوپۆشین لەوەی کێ ئاراستەی دەکات.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، ساڵانی رابردووی نزیکی پڕ لە رکابەریی لەگەڵ لیڤەرپوول بەبیردەهێنێتەوە، ئەو دەڵێ، "ئەوە کارێکی باشە کە ئەوان بەو شێوەیە دەردەکەون. لەوانەیە چڕیی زیاتریان لە یاریگەدا هەبێت، بەڵام دی ئێن ئەی تیپەکە لە کلۆپەوە ماوەتەوە و هێشتا بەردەوامە. ئەوان لە تۆپی جێگیردا سەرئێشە دروستدەکەن، چەکی زۆر خێرایان لەپێشەوە هەیە و من لەوەتەی لێرەم، بەردەوام مامەڵەم لەگەڵ یاریزانانی خێرای وەک مانێ، فیرمینیۆ و سەڵاح کردووە، ئێستاش جۆتا، نونێز و لویس دیازیان هەیە و سەڵاحیش بەردەوامە.... ئەوان ئاستێکی زۆر باشیان هەیە و لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تەنیا یەک یاریی دۆڕاون".
 
لیڤەرپوول بەبردنەوە لە یارییەکەی ئەمڕۆ، هەنگاوێکی گەورەتر لە رکابەرەکانی دووردەکەوێتەوە و ئەوەش کوشتنی بەشێک لە رۆحی خولەکە، لە کاتێکدا ئەگەر سیتی، لیڤەرپوول رابگرێت، ئەوکات ئیدی چاپتەرێکی دیکەی پڕ لە رکابەری لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە