ئەڵمانیا نایەوێت بە ماڵئاواییکردن لە مۆندیال ببێتە مانشێتی گەورەی میدیا

01-12-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەڵمانیا مۆندیالی 2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال بەرەو کۆتایی دەچن، کاتی یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان و بلیتەکانی قۆناخی داهاتوو، لە کۆمەڵەی پێنجەمدا ئەوەی هەمووان لە دوو گەڕی یەکەمدا چاوەڕێی نەبوون روویدا، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاریی یەکەمی دۆڕاند و لە یاریی دووەمیشدا تەنیا خاڵێکی بەدەستهێنا، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی رۆژێکی یەکلاکەرەوە و گرنگە و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، بەڵام بردنەوەش بەس نییە.
 
ئەڵمانیا بەرامبەر کۆستاریکا یارییدەکات، بردنەوەی یارییەکە ئەڵمانیا لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نزیکدەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ژاپۆن بدۆڕێت.
 
مانشافت لەبەردەم رێگەیەکی زەحمەت و ئاڵۆزدایە، بەتایبەت کە هەر چوار هەڵبژاردە هەلی گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوویان هەیە.
 
کۆستاریکا دوای بردنەوەی لە ژاپۆن متمانەی زیاتری بەخۆی هەیە و دۆڕانی بەرامبەر ئیسپانیای لە بیر خۆی بردووەتەوە، ئەوان هەرچەند بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی گەورەی ئەوروپا و جیهان یارییدەکەن، بەڵام ئەوان نایانەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری یارییەکە ببن و هێندە پارۆیەکی ئاسان بن.
 
لە یارییەکەی دیکەدا ئیسپانیای پێشەنگی ریزبەند بە پێکهاتەیەکی لاو و بە چوار خاڵەوە، بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن یارییدەکات، دوای بردنەوەی ژاپۆن لە ئەڵمانیا، بەدڵنیاییەوە ئیسپانیا بە وردەکاریی زۆرەوە رووبەڕووی ئەو هەڵبژاردەیە دەبێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە هەموو ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو بپارێزێت، لە ئەگەری سەرکەوتنیش بە یەکەمی کۆمەڵەکە بگاتە قۆناخی داهاتوو، بۆ ئەوەی لە قۆناخی 16 خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردە گەورەکان بپارێزێت.
 
ژاپۆن بەبردنەوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی داهاتوو و بەیەکسانبوونیش هەلی سەرکەوتنی دەبێت، بەڵام ئەو کاتە هاوکێشەکە ئاڵۆز دەبێت و دەبێت چاوی لە ئەنجامی یاریی ئەڵمانیا و کۆستاریکا بێت بۆ یەکلابوونەوەی چارەنووسیان لە مۆندیالدا.
 
ئەمە یەکەم یاریی فەرمی نێوان لارۆخا و سامۆرایە، ئیسپانیا و ژاپۆن 90 خولەکی ئاڵۆزیان لەبەردەمە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمەڵەکەیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە